لە دووزخوماتوو پێشمەرگە گورزێكی كوشندەی لە داعش داوە
قایمقامی دووزخورماتوو شەلال عەبدول، بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: درەنگانی شەوی رابردوو، چەكدارانی داعش لە چەند لایەكەوە هێرشیان هێنا بۆسەر شارۆچكەی دووزخورماتوو، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بە ورەیەكی پۆڵاینەوە بە توندی توانییان سەرجەم ئەو هێرشانە تێكبشكێنن و پاشەكشەیان پێ بكەن.
شەلال عەبدول گوتی: لە ئاكامی شەروپێكدادانەكان بە پێی زانیارییەكان زیاتر لە 10 چەكداری داعش كوژراون و برینداربوون و چەند تەرمێكیان لێ بەجێماوە و هەروەها چەند ئۆتۆمبیلێكیان تێكشكێندراون و سوتێندراون.
قایمقامی دووزخورماتوو ئەوەشی خستەڕوو، لە كاتی پێكدادانەكە و لە ئێستادا هاووڵاتییەكی زۆری ناوچەكە لە ئامادەباشیدان بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە و ئەمەش جێگای دەستخۆشی و خۆشحاڵییە.
لە دوای تێكچوونی ڕەوشەكەوە شارۆچكەی دووزخورماتوو لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەو پاش جێگیربوونی هێزەكانی پێشمەرگە تێیدا بارودۆخی ناوچەكە ئارامی و سەقامگیرییەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
