ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرەنتی پاراستنی كوردستان دەدەن

 ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرەنتی پاراستنی كوردستان دەدەن
ئەمریكا بڕیاریداوە هەرێمی كوردستان بپارێزێت و چەند كاژێری داهاتوو خەڵكی كوردستان هەموو جۆرە هاوكارییەكی مرۆیی و سەربازیی ئەمریكا دەبینێت.

بەپێی ئەو سەرچاوانەی كە قسەیان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو كرد ، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەشێوەیەكی جیدی لەسەر رەوشی كوردستان و شەڕی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) دژی باشووری كوردستان ، دەوستن و گفتوگۆیەكی زۆر لەنێوان وڵاتاندا هەیە سەبارەت بە چۆنیەتی پاراستنی كوردستان لە هێرشەكانی داعش .

هەروەها بەپێی ئەو سەرچاوانە ، ئەمریكا بە كاربەدەستە باڵاكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی كوردستانیان راگەیاندووە كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە بۆ ئەمریكا و بەهەموو شێوەیەك كوردستان دەپارێزن .

لەلایەكی دیكەوە وڵاتانی ئەوروپایی لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ حكومەتی كوردستان بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری بە خەڵكی كوردستان ، هەر لەوچوارچێوەیەدا ئەمڕۆ هاوكاری مرۆیی ، خۆراك و ئاو لەلایەن حكومەتی ئەمریكاوە دەگەیێندرێتە ئەو كوردە ئێزدیانەی پێنج رۆژە بەبێ خۆراك و ئاو لەچیای شنگالدان و تائێستا زیاتر لە 60 منداڵ و پیرەمێرد و پیرەژن لە برسان مردوون .

بەپێی قسەی شرۆڤەكارانی سیاسی ، هاوكاری ئەمریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا ، گرنگیی هەرێمی كوردستان بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت ئەمریكا نیشاندەدات .

هەروەها ئەمریكا جەخت لەسەر ئەوە دەكات ، كە هێزی پێشمەرگە دەبێ بگەڕێتەوە هەموو ئەو شوێنانەی پێشتر لێیبووە. بۆ ئەو مەبەستەش ئەمریكا بە هەموو شێوەیەك هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكات .







رووداو
Top