داعش كشانەوەی چەكدارەكانی لە مەخموور راگەیاند
رێكخراوەكە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر هەڵاتنی چەكدارەكانی بڵاوكردووەتەوە، كە خۆی بە "پاشەكشە" ناویبردووە.
هەڵاتنی ئەو چەكدارانە لەو ناوچەیە لەكاتێكدایە، كە لەماوەی 24 كاژێری رابردوودا بۆردوومانی چڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ سەر مۆڵگەكانیان بەردەوام بوو و هێزێكی زۆری پێشمەرگەش رەوانەی ئەو سنوورە كراوە.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پەیامنێری رووداو لە مەخموورەوەو لە زاری فەرماندەكانی پێشمەرگە لەو سنوورە رایگەیاند، كە لە ئەنجامی شەڕی پێشمەرگە و داعش لە گوندی دووگردكانی سەر بە مەخموور داعش تێكشكاون و پاشەكشەیان كردووە.
گوتیشی رەوشی ئێستای قەزاكە ئارامەو ئەو خەڵكەشی دوێنێ قەزاكەیان جێهێشتبوو دەگەڕێنەوە.
سەرباری پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە، ئەمڕۆ حكومەتی توركیا بڕیاریدا بە ناردنی دوو فڕۆكەی جەنگی جۆری ئێف 16 بۆ ئاسمانی باشووری كوردستان. ئەو فڕۆكانە كە لە ئاسمانی ئامادەوە هاتوون فەرمانی بۆردوومانكردنیان پێیە و چاودێری رەوشی مەخموور دەكەن.
رووداو
