كوژراوی زۆریان هەیە.. زیانێكی زۆر بە داعش گەیەندراوە

 كوژراوی زۆریان هەیە.. زیانێكی زۆر بە داعش گەیەندراوە
لە سنووری شارۆچكەی مەخموور و گوندەكانی نزیك شنگال، داعش كوژراو و بریندارێكی زۆری هەیە و دەیانەوێت لە ڕێگەی هێرشەوە لاشەی كوژراوەكانیان ببەنەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەیش، باس لە سەركەوتنی پێشمەرگە لە شەڕەكاندا دەكات.

لە گوندەكانی "دووگرتكان"ـی سەر بە شارۆچكەی مەخموور و گوێڕ، داعش تێك شكێندرا و كوژراو و بریندارێكی زۆریان هەیە، لە قۆڵی شنگالیشەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێشمەرگە حەمدانییە و سعوودیەی لە دەستی داعش دەرهێناوە. بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان عەمید (هەڵگورد حیكمەت) بۆ KDP.infoگوتی، "شەڕی ئەمڕۆ لە ناوچەكانی مەخموور و شنگال لە بەرەرژەوەندیی هێزی پێشمەرگەدایە و بەپێی ئەو زانیاریانەی ئێمە دەستمان كەوتوون، داعش كوژراو و بریندارێكی زۆری هەیە، چەندان جار هەوڵیان داوە بگەڕێنەوە و لاشەی چەكدارەكانیان هەڵبگرنەوە، بەڵام نەیانتوانیوە".

عەمید (هەڵگورد) ئەوەیشی خستە ڕوو كە، پێشمەرگە لە سەرجەم میحوەرەكانەوە لە پێشڕەویدایە.

بەپێی زانیاریی KDP.info، لە شەڕی هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعشدا، نزیكەی 150 چەكداری داعش كوژراون و 200 برینداریشیان هەبووە كە بەشێك لە بریندارەكان لە دەست هێزی پێشمەرگەدان.
Top