دوو سەركردەی داعش و 90 چەكدار لە مەخموور و گوێڕ كوژران.. زیاتر لە 100 برینداریشیان هەیە

 دوو سەركردەی داعش و 90 چەكدار لە مەخموور و گوێڕ كوژران.. زیاتر لە 100 برینداریشیان هەیە
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ھێزی پێشمەرگە بە فەرمانێکی سەربازی و بەپێی پلانێک لە ھەندێک شوێن لە سنوری پارێزگای مووسڵ کشاوەتەوە.

بەرێوبەری گشتیی ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) رايگەیاند: "ھێزی پێشمەرگە بە فەرمانێکی سەربازی لە سنووری حەمدانییە و تلکێف و ھەندێکی ناوچەی دیکە کشاونەتەوە بۆ ھەندێک شوێنی دیاریکراو، ئەمەش تەنیا پلانێکی سەربازییە جێبەجێ دەکرێت."

(عەمید ھەڵگورد حیکمەت) ڕوونی کردەوە، "لە دوێنێوە و لە ئەنجامی شەڕی نێوان ھێزی پێشمەرگە و چەکدارەکانی داعشدا لە سنووری مەخموور و گوێڕ، داعش90چەکداریان کوژراوە و تەنیا ئەو بریندارانەیشی کە ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی مووسڵ کراون 100 کەس دەبن."

(حیکمەت) زیاتر گوتی، "ھەر لەو شەڕەی مەخموور و گوێڕ، سەرکردەی داعش (عەبدوڵرەحمان ئەلیبی) و جێگرەکەی (ئەبوناسر لەھێبی) کوژراون."

ئەوەشی خستەڕوو، ھێزی پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە و گورزێکی کوشندەی لە داعش داوە و تێکشکێندراون و شەڕیش هێشتا بەردەوامە.






kdp.info
Top