راگەیەندراوێك لە وەزارەتی ناوخۆوە

 راگەیەندراوێك لە وەزارەتی ناوخۆوە
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوە و داوا لە هاونیشتمانیان دەكات ورەیان بەرزبێت و خۆڕاگربن.

لە راگەیەندراوەكەدا وەزارەتی ناوخۆ هاونیشتمانیان دڵنیادەكاتەوە كە "دووژمن لاوازە و ورەی داتەپیوە، ئەو هێزە و ژمارەیەی نییە بتوانێ هەڕەشە بۆ سەر شارەكان دروستبكات". جەختیشدەكاتەوە كە چەكدارانی داعش لە زۆربەی میحوەرەكانی شەڕدا گورزی كوشندەیان بەر كەوتووە و لە پەلەقاژەدان".

هەروەها لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "پێویستە هەموو لایەكمان متمانەمان بە خۆمان و هێزی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاساییش هەبێت و كەس گوێ بە پروپاگەندە و شەڕی دەروونیی دووژمن نەدات و بە دڵنیاییەوە سەركەوتنمان زۆر نزیكە".

دەقی راگەیەندراوەكە:

هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان

ئێستا كە كوردستان كەوتووەتە ژێر هێرشی تیرۆریستان و ئازایانە بەرگری لەخۆی دەكات، پشت بە خوای مەزن و هیمەت و خۆڕاگریی ئێوەی خۆشەویست و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكان دوژمنان و ناحەزان تێكدەشكێن و سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان دەبێت.

لەم بارودۆخەدا داوا لە گشت هاووڵاتییە بەڕێزەكان دەكەین ورەیان بەرز بێت و خۆڕاگر بن. دوژمن لە زۆربەی میحوەرەكانی جەنگدا گورزی كوشندەی بەر كەوتووە و لە پەلەقاژە دایە. هاونیشتیمانیانی بەڕێز لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە دوژمن لاوازە و ورەی داتەپیوە و ئەو هێزە و ژمارەیەی نییە بتوانێ هەڕەشە بۆ سەر شارەكان دروست بكات.

پێویستە هەموو لایەكمان متمانەمان بە خۆمان و هێزی پێشمەرگە و دەزگاكانی ئاساییش هەبێت و كەس گوێ بە پڕۆپاگەندە و شەری دەروونیی دوژمن نەدات و بە دڵنیاییەوە سەركەوتنمان زۆر نزیكە.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان

6ـی 8ـی 2014
Top