هێزێكی گەورەی پێشمەرگە لە گوێر و مەخموور جێگیردەكرێن

 هێزێكی گەورەی پێشمەرگە لە گوێر و مەخموور جێگیردەكرێن
هێزێكی گەورەی پشتیوانی لە پێشمەرگەی كوردستان لە هەولێرەوە رەوانەی دەوروبەری گوێر و مەخموور كراون.

سەرچاوەیەكی سەربازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “لەمڕۆ ئێوارەوە هێزێكی زۆری پێشمەرگە لە هەولێرەوە رەوانەی قەزای مەخموور و ناحیەی گوێر كراون”. ئەو سەرچاوەیەی پێشمەرگە ئاشكرایكرد: “لە دوێنێوە چەكدارانی داعش بە هێرشەكانیان خەریكی سەرقاڵكردنی پێشمەرگەن لەو بەرەیەدا و ئامانجیان لەمەش دروستكردنی گوشارە لەسەر بەرەی شنگال، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان بەرپەرچیان داونەتەوە”.

بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە “ئیدی سەبری پێشمەرگە كۆتایی پێهاتووە و لەسەر بڕیاری سەرۆك بارزانی لە سەرتاسەری خاكی باشووری كوردستان چەكدارانی داعش دەردەكرێن”.

ماوەی چەند رۆژێكە شەڕێكی سەخت لەنێوان هێزی پێشمەرگە و چەكدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بە درێژایی سنوورەكانی باشووری كوردستان دەستیپێكردووە. سەرەتا داعش لە چەند ناوچەیەك پێشڕەویی كرد. سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش فەرمانی بە هێزەكانی پێشمەرگە داوە رەوشی خۆیان لە حاڵەتی داكۆكی لەخۆكردنەوە بگۆڕن بۆ هێرشبردن.





رووداو
Top