پێشمەرگە هێرش دەکات

 پێشمەرگە هێرش دەکات
پێشمەرگە بڕیاریدا کۆتایی بەوە بێنێت کە لەسەنگەری بەرگریدا بمێنێتەوە، وەک پێشمەرگەکان دەڵێن لە سنووری گوندەکانی سەر بە قەزای مەخموور گورزێکی تووندیان بە چەکدارانی داعش گەیاند، کە چەندین کوژراوی چەکدارەکانی لێکەوتەوە، بۆیە بە هێزێکی زۆر و چەکی قورس و سووک هێرشیان بۆ سەر چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام دەستپێکرد، لەو هێرشەدا پێشمەرگەکان توانییان چەکدارانی داعش تێکبشکێنن و لەو شوێنانە دووریان بخەنەوە.

ئەو هێزەی لەو خاڵەوە هێرشی دەبردە سەر چەکدارانی داعش، پێکهاتبوون لە پێشمەرگە، ئاسایش و دژە تیرۆر، فەوجی یەکی لیوای پێنج، راستەوخۆ بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەجووڵان، هەماهەنگییەکی تەواو لەنێوانیان بەدی دەکرا، ورەی هێزەکەش وەک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت، لەبەرزیدا بوو، چونکە ئەوان سەرکەوتوو بوون لە هێرشەکانیان.

لە نێو ئەو هێزەدا بە رووخسار چەند پێشمەرگەیەکی بە تەمەن دەبینران، بەڵام ئەوان خۆیان لە پێشمەرگە گەنجەکان بە گەنجتر دەزانی، بۆیە خواستی هێرشی زیاتر بوون بۆ سەر چەکدارەکانی داعش.

لە ماوەی چواردە کاژێرداو لە دوو سەنگەری جیاواز لە دەڤەرەکانی مەخموورو گوێڕ، هێزەکانی پێشمەرگە 33 چەکداری داعشیان کوشت، ئەو چەکە قورسانەش هاوکارێکی تەواوی پێشمەرگە بوو بۆ پێشڕەوی لە خاڵە گەرمەکانی شەڕدا.








رووداو
Top