دەزگای خێرخوازیی بارزانی كۆمەك و هاوكاری دەگەیەنێتە ئاوارەكانی چیای شەنگال
موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەبارەت بە چۆنیەتی گەیاندن و كۆكردنەوەی كۆمەك و هاوكارییەکان رایگەیاند؛ دوای ئەوەی زانیمان دەستەی مافی مرۆڤ و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەرێگەی فڕۆكەوە هاوكاری بۆ ئاوارەكانی چیای شەنگال دەنێرن، دەستبەجێ پەیوەندیمان پێوەکردن و ئامادەیی خۆمان بۆ هاوكاری كردنی ئاوارەکان دەڕبڕی.
جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی گووتی: لە ڕۆژانی ڕابردوو كۆمەڵێك كەلوپەل و خۆراك و پێداویستیمان بۆ بەهاناوەچوونی خێرای خێزانە ئاوارەكانی چیای شەنگال دابینكردووە و ئەمڕۆ توانیمان دەیان جۆر خۆراك و پێداویستی و ئاوی خواردنەوەو نان و شەربەت و حەفازەو معەلەبات و پیسكوێت و شیر و شوشەشیری منداڵان و دەیان پێداویستی دیکە بە فڕۆكەیەكی بارهەڵگری عێراقیی لەڕێگەی فڕوكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە بۆ ئاوارەکانی چیای شنگال بنێرین.
