زۆر لە وڵاتانی دۆست ئامادەییان پیشانداوە بە پێدانی چەك هاوكاریی هێزی پێشمەرگە بكەن
هەروەها هوشیار زێباری گوتی: بۆ مێژوو دەڵێم لەگەڵ بەڕێز مام جەلالدا باشترین پێوەندیی شەخسی و سیاسیمان هەبوو، متمانەو خۆشەویستییەكی زۆریشی لەگەڵ ئێمە هەبوو، جێگەی شانازییە كە بە حوكمی ئیشكردنی نزیك ئەو پێوەندییەمان دروست كرد، هەر لەپێش ئێستا لە ڕێككەوتننامەی واشنتۆن و ئاشتەوایی گشتی كوردی و بنبڕكردنی شەڕی براكوژی ڕۆڵمان هەبوو، كاتێ لە بەغدا بووین زۆر لە یەكدی نزیك بووین لە دیدارو ڕاوێژ وەرگرتن پێوەندییمان بەهێز بوو، لەلایەكی دیكەشەوە من بۆ مێژوو دەڵێم مام جەلال سیفەتێكی باشی هەبوو لە ڕووی ڕێزگرتن لە ڕۆڵی پێوەندییەكانی دەرەوە و تێگەیشتنی چاكی هەبوو لەم ڕووەوە لە بواری ئەو پێوەندییانە لەسەر ئاستی كوردو عێراق، بێجگە لەوەش هاوبیر و هاوڕا بووین و لە ڕاستیدا خزمەتی كێشەی ئێمەی كرد، ئەو هەموو ساڵە لە ڕووی چارەسەركردنی كێشەكان بە تێگەیشتن كە بە ئێمە دەسپێردرا، جێبەجێمان دەكرد.
شايانی باسە زێباری لە درێژەی دیدەكەیدا گوتی: سیاسەتی حكومەتی پێشوو بۆ ڕاكێشانی عەرەبی سوننە و پشتگیریكردنیان دژی قاعیدەو گرووپەكانی دیكەی تیرۆر و توندڕەوەكان سەركەوتوو نەبوو، من وەك كەسێك لە نزیكەوە ئاگاداری بارودۆخەكەم و لەسەر ئەم پرسە و ڕاو بیروبۆچوونی خۆشم هەبووە، لە سەرەتا دوای دروستكردنی هێزەكانی پشتگیری سەحوە لە ئەنبار و شوێنەكانی دیكە، پشتگیری لە هێزەكانی عەشائیر و هێزەكانی دیكەی ناوخۆی سوننە دەكرا، ئەم پشتگرییە بووە هۆكاری ئەوەی كە عەرەبی سوننە بتوانن تیرۆریستانی قاعیدە تووشی شكستی گەورە بكەن، لەبەر ئەوەی ڕەفتاری تیرۆریستانی قاعیدە دژی بۆچوون و كەلتور و ڕۆشنبیری خەڵكانی ئەو ناوچەیەش بوو، بەڵام دوای ساڵی 2011 و كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق درێژە بەو سیاسەتە نەدرا و حكومەتی عێراق لەڕووی دابینكردنی مووچە و چەكەوە بۆ ئەو هێزانە دوو دڵ بوو، بە جددی وەریان نەگرت، زۆرجار لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی لە بەغدا كە من تێیدا ئەندام بووم، یان لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی وەزیران یان كۆبوونەوە سیاسییەكان، هەمیشە ئاماژەمان بەوە دەكرد كە دەبێ ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و ناكرێت پشتگوێ بخرێت، بەڵام بە داخەوە نەكراو حكومەت خۆی ئەم هەڵانەی دەكەوێتە ئەستۆ، ئایا دەتوانن ئێستا ئەم ئەزموونە كۆپی بكەنەوە؟ ئەمە تەنیا بە دامەزراندنی ئەو حكومەتە تازەیە دەبێت كە پێشتر ئاماژەمان پێكرد.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (987)
