فێڵێکی نوێی داعش لە شنگال
سەرچاوەیەکی سەربازی ئاگادار لە بەرەکانی شەڕ بە (رووداو) ی گوت، کە شەڕ بەردەوامە و شنگال تا ئێستا کۆنتڕۆڵنەکراوە.
ئەو سەرچاوە باسی لە فێڵێکی نوێی چەکدارانی داعش کرد و گوتی: "چەکدارەکانی داعش لە شنگال جلی کوردییان لەبەرکردووە و ریشیان تاشیوەو ئاڵای کوردستانیان لە ئۆتۆمبێلەکانیان داوەو خۆیان وا دەردەخەن پێشمەرگەن".
ئەو سەرچاوەیە دوو هۆکاری بۆ ئەم کارە باسکرد: "یەکەم، چەکدارەکان دەیانەوێ بەو شێوەیە گورز لە پێشمەرگە بدەن و هاونیشتمانیان لێکیان جودا نەکەنەوە. دووەم: لە کاتی هێرشی پێشمەرگە داعشەکان دەتوانن بەمشێوەیە هەڵبێن و نەگیرێن".
رووداو زانیویەتی کە لە چەندین بەرەوە هێزێكی زۆری پێشمەرگە هێرشیانکردووەتە سەر شنگال و توانیویانە بچنە نێو چیای ئەو قەزایە، بەڵام نەتوانراوە بەتەواوەتی پێشڕەوی بکەن.
رووداو
