وەزارەتی پێشمەرگە جۆری چەكە قورسەكانی ئاشكرادەكات

 وەزارەتی پێشمەرگە جۆری چەكە قورسەكانی ئاشكرادەكات
ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت دوو فەرماندەیی گەورەی چەكی قورسیان هەیە ‌و دەشڵێ ئەوەی هێزی پێشمەرگە لە سوپا گەورەكانی جیهان جیادەكاتەوە تەنیا نەبوونی فڕۆكەی جەنگییە.

فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان سەبارەت بە بەڵێنی پێدانی چەكی قورس بە پێشمەرگە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند" سەرۆكی هەرێم باسی چەكە قورسەكانی خۆمان دەكات، كە ئێمە دوو فەرماندەیی گەورەی چەكی قورسمان هەیە و بریتین لە فەرماندەیی هێزەكانی پشتیوانی یەك و هێزەكانی پشتیوانی دوو".

بە گوتەی جەبار یاوەر لەو دوو فەرماندەییە هەموو جۆرە چەكێكی قورس هەیە وەك "تۆپی دوورهاوێژ، زرێپۆش، تانك ، راجیمە، دۆشكە، هاوەنی 60 ملیم و هاوەنی 81 ملیم و چەندین جۆرە چەكی دیكە".

ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە جەخت لەوە دەكاتەوە كە" هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك هەموو سوپاكانی جیهان هەموو جۆرە چەكێكی قورسی هەیە تەنیا فڕۆكەی جەنگی نەبێت".

ئەو گوتیشی "سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی كوردستانە، فەرمان بكات چەكی قورس بۆ هەر میحوەرێك بڕوات، دەڕوات".



رووداو
Top