وەزارەتی پێشمەرگە: خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە داعش وەدەر دەنێین و کوردستانیش پارێزاو دەبێت
ئەنوەری حاجی عوسمان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: ھۆکاری پەلاماری داعش بۆ زومار و شەنگال بۆ یەک مەبەستە، گوتیشی: ھێزەکانی داعش بەرگەی بۆردومانی فرۆکەکانی عێراقی و ھێرشەکانی پێشمەرگە ناگرن و لە ھەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیش ھەندێک ھێزی سوننە روبەروویان بونەتەوە، بۆیە دەیانەوێت بە ئاراستەی رۆژئاوای موسڵ پاشەکشێ بکەن و نزیکبنەوە لە سنوری سوریا.
ئەنوەری حاجی عوسمان ئاشکرای دەکات: ئەوان لە پەلەقاژەی مەرگدان و دەیانەوێت لانی کەم رۆژئاوای موسڵ و ئەو ناوچانەیان لە ژێر دەست بێت بۆئەوەی لە کاتی تێکشکانی گەورەیان بڕۆنەوە سنوری سوریا.
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە موژە دەداتە خەڵکی کوردستان سەرکەوتنی گەورەی ھێزی پێشمەرگە بەرێوەیە، داعش ئەوەندە مەترسی نین و تەنھا بەکرێگیراوی لایەلایەنێکن، خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە ئەوان وەدەر دەنێین و کوردستانیش پارێزاو دەبێت.
