پێشمەرگە لە زوممار پێشڕەوی دەکات
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەیەکی دیکەی رووداو، فازیڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش گەیشتووەتە دەڤەری سحێلا، کە ناوچەیەکی سنوورییە لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان. خالید ئەحمەد، کارگێڕی لقی یەکی پارتی، هەواڵی چوونی پشتیوانیی سەربازیی بۆ پێشمەرگە راستکردەوە و بە رووداوی راگەیاند: “هێزێکی زۆری پێشمەرگە و کادیران چووینەتە ئەو دەڤەرە بۆئەوەی پشتیوانی لە پێشمەرگە بکەین”. خالید ئەحمەد راشیگەیاند: “فازیڵ میرانی سەرپەرشتی ژووری عەمەلیاتی دەڤەری سحێلا دەکات و لەو ناوچەیەدا پێشمەرگە سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە”.
لە دوێنێوە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارانی گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ناوچەکانی زوممار و کەسكێ و شنگال لە شەڕێکی توونددان. چەکدارانی داعش توانیبوویان لە هەندێک لەو ناوچانە بێنە پێشەوە، بەڵام لەمڕۆ دوای نیوەڕۆوە پێشمەرگە لە زوممار و کەسکێ سەرکەوتنی تۆمارکردووە.
رووداو
