چەند کاژێری داهاتوو پێشمەرگە گورز لە داعش دەوشێنێ
عەلی عەونی ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند" ئەوەی کە دەگوترێت شنگال بە تەواوی لە لایەن تیرۆریستانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)-ەوە دەستی بەسەردا گیراوە راست نییە، و هێزەکانی پێشمەرگە لە بەشێکی ئەو شارە خەریکی بەرگرین و چاوەڕێی هێزەکانی پشتیوانی دەکەن کە بگاتە لایان"
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی باس لە جوڵاندنی هێزێکی زۆر بەرەو ئەو ناوچەیە دەکات و رایگەیاند" هێزێکی زۆر بە فەرماندەیی کاک مەنسوور بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی هەردوو لەشکری یەک و گوڵان بە چەکی قورسەوە، گەیشتووەتە ناوچەکە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاژێری داهاتوودا گورزێکی سەخت لە داعش بدرێت و ناوچەکە پاکبکرێتەوە"
هەروەها ئەنوەر حاجی عوسمان بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان رایگەیاند" پێشمەرگە بە پلان خەریکی کارە و نەخشە رێگایەکمان داناوە و لەم نزیکانە سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنین ، دەبێت داعش ئەم وڵاتە چۆڵ بکات و خۆشیان باش ئەوە دەزانن، بۆیە خەریکی پەلەقاژەن و ئەمەش دوا پەلەقاژەیان دەبێت"
رووداو
