ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی کاتی بۆ ڕێکەوتن لەسەر بودجە پێکدەهێنێت

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی کاتی بۆ ڕێکەوتن لەسەر بودجە پێکدەهێنێت
بڕیارە ڕۆژی سێشەمە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لیژنەیەکی هاوبەشی کاتی لەنێوان فڕاکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا پێک بهێنێت، تاکو لەسەر بودجەی دواخراوی ساڵی ٢٠١٤ گفتوگۆ بکەن. ئەمڕۆش بۆ یەکخستنی دەنگی سەرجەم فڕاکسیۆنە کوردیەکان، بەئامادەبوونی جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک لە سەرۆک فڕاکسیۆنە کوردیەکان و نوێنەرانیان لە نوسینگەی سلێمانی ئەنجومەنەکە، کۆبوونەوەیەک بەڕێوەچوو.





دوابەدوای کۆبوونەوەکە، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا"ئاڵا تاڵەبانی"ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلیستی هاوپەیمانی کوردستانی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: "ئەو لیژنەیەکە ئەرکی گفتوگۆ کردن و ڕێکەوتن دەبێت لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٤ کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە".



گووتیشی:"دەبێت سەرجەم ماف و داخوازیەکانی کورد لە بودجەدا جێگیر بکرێت، بەپێچەوانەوە ئێمە لەسەر بودجەیەک ڕەزامەندی نادەین کە داوا و خواستەکانی کوردی تێدا نەبێت".



ڕاشیگەیاند: "لەڕۆژی سێشەمەوە لیژنەکە دەست بەکار دەبێت. ئەو لیژنەیە کاتی دەبێت و تاکو ئامانجی خۆی دەپێکێت کارەکانی بەردەوام دەبێت،ئێمەش لە فڕاکسیۆنە کوردیەکان بڕیارمانداوە بەیەک دەنگ و یەک هەڵوێست بەشداری لەکۆبوونەوەی لیژنەکەدا بکەین".
Top