پۆلیسی هەولێر: لە جەژندا هیچ حاڵەتێكی تاوان تۆمار نەكراوە
لیوای مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "لە هەرسێ رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا هیچ حاڵەتێكی تاوانی بچووك و گەورە لە هەولێر و دەوروبەریدا تۆمار نەكراوە و سەڕەڕای نیشتەجێبوونی سەدان هەزار ئاوارەی رۆژئاوای كوردستان و موسڵ و شارەكانی دیكەی عێراق لە هەولێر، ئارامترین جەژنمان بەڕێ كردووە".
لیوا عەبدولخالق، گوتی: ئەو پلانە ئەمنییەی بە هەماهەنگیی ئاسایش و پۆلیسی هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی و هێزە ئەمنییەكانی دیكە دایانڕشتبوو، 100% سەركەوتوو بوو و هەروەك چۆن هێزەكانی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگریدا گیانلەسەردەست خاكی پیرۆزی نیشتمان و گیانی هاووڵاتیان دەپارێزن، هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆش لە ناوەوەی شارەكاندا چاودێریی وردی دۆخی ئەمنی دەكەن و تا ئەوپەڕی لەخۆبوردوویی، دابینكردنی ئەمنیییەت و ئاسایش بۆ هاووڵاتیان بە ئەركی سەرشانیان دەزانن.
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لە سێ رۆژی جەژنی ڕەمەزاندا كە زۆربەی هەرە زۆری دەزگا و دامەزراوە میرییەكان لە پشوودا بوون، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی هەولێر دەوامی ئاسایی خۆیان كردووە و بۆ پێشگیریكردن لە ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراو، لە ئامادەباشیی تەواودا بوون.
عەبدولخالق تەڵعەت، هەروەها دەستخۆشی لە ئەفسەر و كارمەندانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سەرجەم هێزە ئەمنییەكان كرد كە زۆر سەركەوتووانە ئەركی سەرشانیان ڕاپەڕاندووە. رۆڵی هاووڵاتیانیشی لە هاوكاریكردنی پۆلیس بەرز نرخاند و گوتی: "خۆشبەختانە هاووڵاتیان چاوكراوەن و دڵسۆزانە و لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە، لە كاتی بینینی هەر دیاردە و حاڵەتێكی نائاساییدا، پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان ئاگادار دەكەنەوە".
