سەرۆك بارزانی هێزەكانی پێشمەرگەی لە میحوەری كەركووك بەسەر كردەوە
دواتر سەرۆك بارزانی وتەیەكی پێشكەش كرد و لە وتەكەیدا ڕایگەیاند كە بە ئەركی خۆم زانیوە لە یەكەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانی پیرۆزدا سەردانتان بكەم و سوپاستان بكەم و لەجیاتی هەموو خەڵكی كوردستان جەژنەپیرۆزەتان لێ بكەم. سەرۆك بارزانی باسی ڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە كرد و ئاماژەی بەوەدا كە پێشمەرگە ئێستا مێژوو دروست دەكات و ئاییندەیش بۆ گەلەكەی بنیات دەنێت و ئەوەیش شەرفێكی گەورەیە و گوتی: " ئێوە خۆتان فیدا دەكەن بۆ ئەوەی گەلی كوردستان بە ئازادی و سەربەستی بژیێت". سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا سوپاسی ماندووبوون و قارەمانێتیی هێزەكانی پێشمەرگەی كرد كە ئەو زەحمەت و قارەمانییەتییە وادەكات نەوەكانی داهاتوو بە ئازادی و سەربەستی بژیین و ڕایگەیاند كە پێشمەرگە ئامادەیە لەپێناو دۆزێكی ڕەوادا ڕووبەڕووی مەرگ ببێتەوە و ئەوە شكست و فەشەلهێنانە بە هەموو هەوڵێك كە پێیوایە كورد بڕوای بەخۆی نییە. ئەركی پێشمەرگە ئەركێكی پیرۆزە و گەلی كوردستانیش گەییشتووەتە قۆناغێكی زۆر باش و سەركەوتنی یەكجارەكیش نزیكە. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە حەزی دەكرد سەردانی هەموو میحوەرەكان و سەنگەر بە سەنگەری هێزەكانی پێشمەرگەی كردبا و دووپاتی ئەوەیشی كردەوە كە بەهەموو توانایەك پاڵپشتی پێشمەرگەن و ئەوەی لە توانایان بێت بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیكەن.
هەر لەم بەسەركردنەوەیەدا فەرماندە و بەرپرسە سەربازییەكانی هێزی پێشمەرگە سەرۆك بارزانیان لە دۆخی مەیدانیی بەرەكانی ڕووبەڕووبوونەوە و بارودۆخ و گوزەرانی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەری كەركووك ئاگادار كردەوە.
