مەسروور بارزانی: سـەركــەوتن لـە یـەكڕیـزیماندایـە.. داعش مەترسییێکی گەورەیە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆشەممە26-7-2014 لە سەڵاحەددین، (مەسروور بارزانی) پێشوازی كرد لە قوتابیانی خولی 19ی ئەكادیمیای كادیرانی پارتی و ستافی ئەكادیمیاكە.
(مەسروور بارزانی) لە وتەیەكیدا بۆ ئامادەبووان گوتی: "پارتی چۆن لە وێستگە گرینگەكانی خەباتی كوردایەتیدا ڕابەرایەتیی دۆزی كوردستانی كردووە، لە ئێستایشدا هەمان رۆڵ و ئەركی هەیە"، سەبارەت بە ڕۆڵی كادیرانی پارتییش (مەسروور بارزانی) گوتی: "كادیران بازنەی پەیوەندیی نێوان جەماوەر و سەركردایەتیین و پێویستە هەڤاڵانمان لە ئاست وەئەستۆگرتنی ئەو ئەركەدا بن و جەماوەر بۆ داهاتوویەكی باشتر ئاراستە بكەن".
لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەوە (مەسروور بارزانی) دەڵێت: "ئێستا بەشێكی زۆری ناوچە داگیركراوەكانمان گەڕاندوونەتەوە سەر كوردستان و، بە شێوەیەكی گشتی كێشەی خاكمان نەماوە، بەڵام سنوورێكی درێژمان لەگەڵ داعشدا هەیە. ئەوەش مەترسیێكی گەورەیە، بۆیە پێویستە خەڵكی كوردستان بۆ ڕەواندنەوەی ئەو مەترسیانە، ئەو واقیعە تازەیەی عێراق لەبەرچاو بگرن و هەمووان كۆك بن لە پاڵپشتیی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان."
(مەسروور بارزانی) دەربارەی داهاتووی پێگەی هەرێمی كوردستان جەختی کردەوە: "هەرێمی كوردستان لە رابردوودا نەبووەتە مەترسی بۆ سەر هیچ وڵات و نەتەوە و ئایینێك و فاكتەرێكی بەهێزی دابینكردنی ئاساییش و ئارامی و نموونەیەكی جوانی پێكەوەژیان بووە، لە داهاتوویشدا نابینە مەترسی و هەمان سیاسەت پەیڕۆ دەكەین، ئەو سیاسەتە دروستەیشمان لە رابردوودا، وای كردووە كە ئێستا پشتگیرییێكی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام سەركەوتنی كوردستان لە یەكڕیزیی نێوخۆییماندایە، ئەگەر یەكدەنگ بین ئەوا لە داهاتوویەكی نزیكدا، پێكەوە دەتوانین بگەین بە ئامانجەكانمان."
لەبارەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانیشەوە، (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند: "لەسەر هەموومان پێویستە پاڵشتییێكی تەواوی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەین و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش پەلە بكەن لە دابینكردنی ژیانێكی شایستەتر بۆ هێزەكانی پێشمەرگە كە ئەركی پاراستنی سنوورەكانی كوردستانیان لە ئەستۆیە."
لە كۆتایی دیدارەكەیدا لەگەڵ قوتابیانی خولی 19ی ئەكادیمیای كادیرانی پارتی و ستافی ئەكادیمیاكە، (مەسروور بارزانی) خەڵاتی پێشكەش بە قوتابیانی خولی 19ی كادیران و رێزلێنانی ئاراستەی دەستەی بەڕێوەبردنی ئەكادیمیای پارتی كرد و هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن لە پێگەیاندنی نەوەیەكی هۆشیار بۆ رێكخستنەكانی پارتی
