بان کی مون سەردانی هەولێر دەکات
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بان کی مون سەردانی ئاوارە مەسیحییەکانی موسڵ دەکات.
بان کی مون، سکرتێری گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی گەڕێکی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی بەغدا دەکات و دواتر سەردانی هەولێر دەکات.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند: "بڕیارە بان کی مون، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی گەڕێکی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگاتە بەغدا و چاوی بە نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق، سەرۆکی پەرلەمان و چەند بەرپرسێکی ئەو وڵاتە بکەوێ".
سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتیشی، "چاوەڕوان دەکرێ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و ئاوارەبوونی مەسیحییەکانی موسڵ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی بەغدا تاوتوێ بکات".
دوا سەردانی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە 13ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2014 بوو و تێیدا چاوی بە سەرۆک وەزیرانی عێراق کەوت و سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد.
رووداو
