پارتی‌ و یه‌كێتی‌: پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد نه‌بێت له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌كشێینه‌وه‌

پارتی‌ و یه‌كێتی‌: پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد نه‌بێت له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌كشێینه‌وه‌
نوێنه‌ری‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان جه‌ختیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد نه‌بێت له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ ده‌كشێنه‌وه‌، لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان رایگه‌یاند: كه‌ هیوادارین په‌رله‌مانتارانی‌ كورد له‌ به‌غدا كاندیدی‌ سه‌رۆك كۆمار دیاری‌ بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ دوای‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان، كۆنگره‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌نووسی‌ بۆ هه‌ریه‌ك له‌ مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان و د. رۆژ نوری‌ شاوه‌یس ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان سازكرا.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌نووسیییه‌كه‌دا، مه‌لا به‌ختیار وتی‌: "وه‌ك یه‌كێتی‌ دوو كاندیدی‌ سه‌ره‌كیمان هه‌یه‌ بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار و ناوه‌كانیان خراوه‌ته‌به‌رده‌ستی‌ فراكسیۆنه‌كانی‌ كورد له‌ به‌غدا".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی‌ كاندیدی‌ سه‌رۆك كۆمار كاتی‌ ده‌وێت، وتیشی‌: "پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ كورده‌ و له‌م خوله‌شدا به‌ر یه‌كێتی‌ كه‌وتووه‌".

لای‌ خۆیه‌وه‌ د. رۆژ نوری‌ شاوه‌یس وتی‌: "پارتی‌ به‌گرنگی‌ ده‌زانێت یه‌ك كاندید هه‌بێت بۆ پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار".
هه‌ریه‌ك له‌ مه‌لا به‌ختیار و د. رۆژ نوری‌ شاوه‌یس جه‌ختیشیان له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ گه‌ر پۆستی‌ سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد نه‌بێت له‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ عیراق ده‌كشێنه‌وه‌.




خه‌ندان
Top