کاندیدی سەرۆککۆمار دەخەنە بەر باس.. پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان

 کاندیدی سەرۆککۆمار دەخەنە بەر باس.. پارتی و یەکێتی لە کۆبوونەوەدان
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە لە مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی لە هەولێر، شاندی هەردوو مەکتەبی سیاسییپارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆ بوونەوە.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان(سەعدی عەحمەد پیرە) بە KDP.INFO–ی ڕاگەیاند، کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتیی دیموکراتی کوردستاندا، دوو تەوەر دەبن کە دەیانخەنە بەر باس، یەکەمیان قسەکردنە لەسەر کاندیدانی یەکێتی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و دووەمیش، گفتوگۆیە دەربارەی پێوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی پاش گەڕانەوەی (مام جەلال).

شاندی پارتی پێک هاتووە لە، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(فازڵ میرانی)، ئەندامەتیی هەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(د. ڕۆژ نووری شاوێس، هۆشیار زێباری، مەحموود محەممەد و د. کەمال کەرکووکی)، شاندی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیش پێک هاتووە لە کەرگێری مەکتەبی سیاسی(مەلا بەختیار) وهەریەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی(ئەرسەلان باییز، عومەر فەتاح، سەعدی پیرە، ڕەفعەت عەبدوڵا و قوباد تاڵبانی).

KDP.INFOزانیویەتی، کە کۆبوونەوەکە قسەی جیددی لەسەر 3 کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار لە لایەن یەکێتییەوە دەکات کە بۆ هێشتا نەیانتوانیوە، یەکلای بکەوەنەوە و ئەگەر بڕیار بێ کە نەتوانرا ئەمڕۆ کۆتایی بەم پرسە بهێنرێت، هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت.

هاوکات وەک پەیامنێرمان لە شوێنی کۆبوونەوەکەوە پێی ڕاگەیاندین، پاش تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هاوبەش ساز دەدرێت و تێیدا ئەو ئەنجامەی پێی گەیشتوون ڕادەگەیەنرێت.

Top