پلانێكی تۆكمەمان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕی شاری هەولێر داڕشتووە.

پلانێكی تۆكمەمان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕی شاری هەولێر داڕشتووە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە سەردانێكی مەیدانیدا بۆ بازاڕگە و قەیسەرییەكانی هەولێر گوتی: "ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەولێردا بەرقەرارە، بە هاوكاری و هەماهەنگیی هاووڵاتیان هاتووەتە دی".



دڵنیاشی كردنەوە كە هەولێری پایتەخت لە دەستێكی ئەمیندایە و ژیان و گوزەران لە سایەی ئەو ئارامییەدا بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) بە یاوەریی بەڕێوەبەری پۆلیسی شارەوانی رائیدی پۆلیس (فەخرەددین نووری) و بەڕێوەبەری پۆلیسی رێككاری رائید (بەختیار وەلی عەباس)، بازاڕگە و قەیسەرییەكانی شاری هەولێریان بەسەر كردەوە.

لەم سەردانەدا چاویان بە كاسبكاران و كۆمەڵێك لە دوكانداران كەوت كە تێیدا باسی رەوشی بازاڕ و رێكخستنی شەقامەكان بە گشتی كرا، دواتر ڕا و سەرنجی هاووڵاتیان و كاسبكاران وەرگیرا و لە نزیكەوە ئاگاداری رەوشی هەڵسووڕاندنی كارەكانی رۆژانەی هاووڵاتیان بوون.

لە سەردانەكەدا وێڕای خستنەبەرباسی جەنجاڵیی ئەم چەند رۆژەی كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز، (عەبدولخالق تەڵعەت) ڕایگەیاند: "ئەو ئارامی و سەقامگیرییەی لە هەولێری پایتەختدا بەرقەرارە، بە هاوكاریی هاووڵاتیان هاتووەتە دی و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانیش هەموو توانایەكیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاوشاریان دەخەنە گەڕ".

گوتیشی كە پلانێكی تۆكمەیان بۆ پاراستنی ئەمنییەتی بازاڕی شاری هەولێر داڕشتووە.

دواتر كاسبكاران و هاووڵاتیان دەستخۆشییان لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش كرد بەوپێیەی كارەكانیان زۆر بە ڕێكوپێكی و لەخۆبوردوویی ئەنجام دەدەن.

جەختیشیان كردەوە كە هەمیشە هاوكاری هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆن و بەوپەڕی دڵسۆزییەوە ڕۆڵیان لە پاراستنی ئەمنییەتی شاردا دەبێت.

ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر
Top