سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: بە گەشبینییەوە لە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکور دەڕوانین

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: بە گەشبینییەوە لە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکور دەڕوانین
ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٢ی تەموز هەریەك لە لەیلا زانا پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئامەد و سوڕی سورەییا پەرلەمانتاری هەدەپە سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کردو لەلایەن سەرۆک و جێگرو سکرتێری پەرلەمانی کوردستان و لیژنەی پەیوەندییەکانی پەرلەمانی کوردستانەوە پێشوازیکران.

لەسەرەتای دیدارەکەدا، لەیلا زانا وتی "مایەی شانازییە سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەکەم و سەرۆکێکی گەنج پێشوازیم دەکات، کە گەنجترین سەرۆکی پەرلەمانە لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست، بەو بۆنەیەوە سڵاوی سەرۆک ئۆجەلانم بۆ پەرلەمانی کوردستان هێناوە وکوردی هەر چوار پارچەکە ئومیدێکی گەوەرەی بەم پەرلەمانەی ئێوە هەیە."

لای خۆییەوە د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاندووە"ئێمە شانازی بە خەباتی مەدەنیانەی کوردی باکور دەکەین، هەرشتێک بە پەرلەمانی کوردستان بکرێت لەپیناو بەدەستهێنانی مافی کورد هاوکارتان دەبین، چونکە پەرلەمانی کوردستان موڵکی هەمو کوردێکە لە هەر شوێنێکی دونیا بێت."

دواتر سوڕی سورەییا خۆشحاڵی خۆی بۆ سەردانی پەرلەمانی کوردستان دەربری و وتی "پێویستە ئێمەی کورد بە جیاوازی بیروباوەڕە پێکەوە کار بکەین، گرنگ نییە لە هەر پارچەیەکی کوردستان بین، گرنگ ئەوەیە دڵمان لای یەکترەو هەمیشە چاومان لە سەرکەوتنی ئێوەیە، هیوادارم ئێوە لە پەرلەمانی کوردستان ئامانجتان خزمەتی کورد و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی بێت."

پاشان سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەخێرهاتنی میوانەکانیکرد بۆ پەرلەمانی کوردستان، دەستخۆشی خەباتی مەدەنیانەی کوردانی باکوری کرد و وتی ": بە گەشبینییەوە لە پرۆسەی ئاشتی لە کوردستانی باکور دەڕوانین و هیوادارین بەزوترین کات کوردی باکور بە هەمو مافەکانیان بگەن، ئەو خەباتە پەرلەمانی و مەدەنیانەی ئێوە دەیکەن بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کورد هەمیشە لەگەڵ پێکەوە ژیان بووە لەگەڵ نەتەوەکانی تر، هەرگیز گیانی نەتەوە پەرستی و ڕۆحی تۆڵەکردنەوە لای کورد نەبووەو هیوادارین دراوسێکانیشمان وا سەیری ئێمە بکەن."
Top