ئاوارە مەسیحییەکانی موسڵ داوای هاوکاری لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن
ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییە، بە سەرپەرەشتی قەشە ساکۆ لە ناحیەی عەنکاوە لە هەولێر سازکرا، کە تێید گفتوگۆ لەسەر رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق و دۆزی مەسیحییەکانی موسڵ بەتایبەتی کرا. هەروەها ئیدانەی تاوانەکانیان لە پارێزگای موسڵ کرد و بە دژە مرۆییان دانا.
هەروەها لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە کە کە تێیدا رۆڵ وهەلوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەنادانی ئەو ئاوارانە بەرز نرخێندراوە.
هەروەها ئاماژەیان بە ترسی هاووڵاتیانی مەسیحی لە دەست ئەو گروپە توندرۆیانە کرد و و داوایان لە حکومەتی عێراقی کرد کە پابەند بێت بە بەرپرسایەتییەکانیان لە پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتیانە و هەروەها دابینکردنی پێداوستییەکانیان کە بە هۆی ئەو دۆخەوە ئاوارە بوون.
هەر لە بەیاننامەکەدا چەند خاڵ ئاماژەی پێدراوە لەوانە:" پشتیوانی تەواوی کەمینەکان بکرێت و مافەکانیان بپاریزرێت. هەروەها پێشکەشکردنی هاوکاری ماددی بۆ ئەو خێزانە ئاوارانە کە هەموو شتێکیان لە دەست داوە و هەروەها نووسینی زیانەکانیان و قەرەبووکردنەوەیان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، داوای دابینکردنی قوتابخانەیان بۆ ئەو منداڵە ئاوارانە کردووە بۆ ئەوەی ساڵی خوێندنیان لە دەست نەچێت و بتوانن لەسەر خوێندن بەردەوام بن.
