راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە

 راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە
گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هەواڵێکی "چەواشەکاریی" ماڵپەڕەکانی سەر "بە دەسەڵاتدارانی بەغدا" رەتدەکاتەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە:

ماوەی چەند ڕۆژە هەندێ سایت و میدیای سەر بە دەستەڵاتدارانی بەغدا لە درێژەی چەواشەكارییەكانیان لەدژی هەرێمی كوردستان هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاو كردووەتەوە كە گوایە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئێرانی كردووە و بەرپرسانی ئێرانی ناڕەزایەتیان بەرانبەر سیاسەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووس و چوونی پێشمەرگە بۆ كەركووك دەربڕیوە و چەند میدیاییەكی ناوخۆی كوردستانیش ئەم هەواڵە ناڕاستەیان لەوانەوە گواستووەتەوە.

لێرەدا بە گشت لایەك ڕایدەگەیێنین كە سەرتاپای ئەم هەواڵە دروستكراوە و دوورە لە ڕاستی و بەڕێز سەرۆكی هەرێم بە هیچ شێوەیەك سەردانی ئێرانی نەكردووە و سیاسەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك بارزانیش لەبارەی قەیرانی عێراق و مافی چارەنووسی گەلی كوردستان ڕوون و ئاشكرایە كە گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی مۆڵەت لەكەس وەرناگرێت و پەیوەست بە قەیرانی عێراقیش، هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەوەدایە یارمەتیی خوشك و برایانی شیعە و سووننە بدات بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق سەربگرێت و لە هەمانكاتیشدا كار بۆ ڕێوشوێنە سیاسی و یاساییەكانی پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووسی گەلی كوردستان دەكات.

د. ئومێد سەباح
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان
22ـی 7ـی 2014
Top