كوردستان چەندین بژاردەی لەبەردەستە وهەنگاوەكەی سەرۆك بارزانی بۆ راپرسی لە ئێستادا راست و دروستە

كوردستان چەندین بژاردەی لەبەردەستە وهەنگاوەكەی سەرۆك بارزانی بۆ راپرسی لە ئێستادا راست و دروستە
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان پرۆفیسۆر یۆست هێلترمان بەڕێوەبەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوتى: متمانە لە نێوان هەردوو لایەنەكەدا هەولێر و بەغدا نەماوە. و گەڕاندنەوەی متمانەش كارێكی زەحمەتە، بە مەزەندەی من گەڕاندنەوەی ئەم متمانەیە پێویست بە سەركردایەتیەكی نوێ دەكات لە بەغدا بێتە ئاراوە. بە هەمان شێوە، ئەگەر بیەوێت ئاشتی لەگەڵ سەركردایەتی نوێی عێراقدا بكات، ئەوا دەبێت هەرێمی كوردستان حساب بۆ هەنگاوەكانی بكات لە كەركوك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانی دیكە.

هەروەها یۆست گوتی : مەحاڵە ئەمە یەكلابكەینەوە. پێویستە لە ئێستادا ئامانجەكە بریتی بێت لە هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی بارگرژیە تایەفەگەریەكان و گەڕاندنەوەی متمانە. مەسەلەی سەرەكی بریتییە لە پێكهێنانی حكومەتێك لە بەغدا كە بە ڕاستی گشتگیر بێت و دەسەڵات دابەش بكات. من هیوادارم زۆر درەنگ نەبووبێت بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە. دیارە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەستی لە عێراق هەڵنەگرتووە و لێی بێئومێد نەبووە، هەروەها ئێران و توركیا، یاخود سعودیەش ئەم كارەیان نەكردووە. بەڵام هەوڵ و كۆششەكان بۆ پاراستنی یەكێتی خاكی عێراق پتر ئاڵۆز بوونە.

شایانی باسە هێلترمان گوتی: پێموایە دەبێت یاخیبووەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) وریا بن و زیاد لە سنووری توانای خۆیان ڕۆڵ نەبینن، وەك ئەوەی لە ڕابردوودا كردیان. چونكە ئەوان تەنیا لە مەودای نزیكدا ئەو پشتیوانیەیان هەیە كە دەخوازن هەیان بێت و پێویستیانە هەیان بێت لە نێو سوننەكاندا. ئەوان ئێستا لەسەر ئەو ناڕەزایی و ناڕەحەتیە ڕاستەقینەكان دەژین كە پێویستە ئەمانەش لە ڕووی سیاسییەوە چارەسەر بكرێن، ئەگەر بمانەوێت هەر جۆرە سەقامگیری و حكومڕانیەك لەم ناوچەدا بێنەئاراوە.

لە درێژەی دیدارەكەیدا پرۆفیسۆر یۆست گوتی: كوردستان چەندین بژاردەی هەیە، بەڵام بەڕێز بارزانی پێیوایە ئەمە كاتێكی گونجاوە بۆ زیادكردنی دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ئاست بەغدا، ئەویش لە ڕێی وروژاندنی پرسی دروستكردنی دەوڵەتەوە. ئەم شیكردنەوەیە شیكردنەوەیەكی ڕاست و دروستە.


بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(986)

Top