سەرۆك بارزانی یەكەم كەس بوو رایگەیاند رێسای گەمەكەی دوای حوزەیران جیاوازە و ئێستا سیاسییەكانی ڕۆژئاواش درك بەوە دەكەن پێویستە لێی تێبگەن
هەروەها گاریس گوتی: بوونی هەرێمی كوردستان وەك بەربەستێك لەبەردەم دەوڵەتی ئیسلامیدا، بیرۆكەیەكی سەرنجڕاكێشە، ئەمەش پێویست بەوە دەكات پێشمەرگە، سوپای كوردستان، بتوانن بەرگری لە كوردستان بكەن لە بەرامبەر پێشڕەوی داعشدا. ئەگەرچی ڕەنگە پێشمەرگە پێویستی بە سیستمی دیكە هەبێت، بەڵام رەنگە بەو چەكانەی كە هەیانە بەس بێت بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی كێشەكە ببنەوە. لەلایەكی دیكەوە لەم ساتەوەختەدا پێدەچێت كوردستان ڕووبەڕووی هەڕەشەیەكی سنوردار ببێتەوە لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامیەوە، كە پێناچێت ئەوان زۆر پەرۆش بن بۆ پێشڕەویكردن بەرەو دهۆك یان هەولێر یان سلێمانی. بەڵام ڕەنگە گرووپی دیكە هەبن، وەك گرووپی ئەنسار ئەل ئیسلام كە ڕەنگە بیانەوێت ئەو كارە بكەن، ئەویش هۆكاری ناوخۆیی لە پشتە. بەڵام پێموانیە تا ئێستا هەڕەشەی ئەمنی لە ئاست كوردستان زۆر گەورە بێت كە پێویستی بە پشتیوانیەكی گەورەی دەرەكی بكات لەلایەن توركیاوە. من ناڵێم ئەوە هەرگیز ڕوونادات، ئێستا هەولێر كۆنفدراسیۆنێكی گرنگە بۆ ئەنقەرە، و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەولێر یان هەرێمی كوردستان بەشێكی سەرەكی مامەڵەكردنی توركیایە لەگەڵ ناوچەكە و لەگەڵ عێراقدا، بەڵێ ئیعتیباراتی ئەمنی زۆر زۆر گرنگە.
شایانی باسە لە درێژەی دیدارەكەیدا ستانسفیلد گوتی: ئەو یەدەگی نەوتەی لە ژێر دەستی داعشدایە لە سوریا زۆر گەورە نییە. ئەگەر كێڵگەی نەوتیش هەبێت، ئەوا بە چەشنی كێڵگەی نەوتی عێراقی نابێت. لەلایەكی دیكەوە داعش ناتوانێت ئەو نەوتە لە بازاڕە جیهانیەكان بفرۆشێت، كەواتە ئەوان ناتوانن بۆ هەر بەرمیلێك 100 دۆلاریان دەست بكەوێت. ئەگەر لە ناوخۆدا یان بە قاچاغ بفرۆشێت، ئەوا هەر بەرمیلێك بە زیاتر لە 25 بۆ 30 دۆلار نافرۆشێت. كەواتە ئەمە پیشەسازیەكی گەورە نییە. كەسانێك هەن باس لەوە دەكەن داعش داهاتی دەست دەكەوێت لەم ڕێیەوە، بەڵام ناكرێت بەو شێوەیە داهاتێكی 3 ملیار دۆلاری كۆبكەیتەوە. كەواتە بەڵێ ئەمە لە ئاستی مەحەلیدا گرنگە، و گرنگە داعش لەو ڕێیەوە داهاتی دەست بكەوێت. لەلایەكی دیكەوە مەسەلەكە هەر ئەوە نییە ئەوان گاز و بەنزینیان هەیە، بەڵكو ئەوان پێویستیان بە سووتەمەنیەكی زۆر هەیە بۆ ئەو ئامێرە گەورانە كە دەبێت كوالیتی ئەو سووتەمەنیانەش زۆر بەرز بێت.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە(986)
