دەستەی نەزاهە دەست بە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی دەکات
دەستەی نەزاهەی هەرێمی كوردستان رۆژی ٢٣/٦/٢٠١٤ نوسراوێکی ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوەو و ئاگاداری کردوونەوە، لێكۆڵەرانی دەستەی نەزاهە لە كاتی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكان، مافی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ هەموو كەسێك هەیە و بۆیان هەیە سەیری هەموو بەڵگەنامە و گرێبەستەكان بكەن و بۆیان هەیە بەهەموو ئامێر و كەلوپەلەكانیان بچنە فەرمانگەكان و لێكۆڵینەوەی خۆیان ئەنجام بدەن.
سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دوای بڕیارەكەی دەستەی نەزاهە بە نوسراوێك كە لە ١/٧/٢٠١٤ دەرچووە، داوای لە سەرجەم وەزارەتەكان كردووە بڕیارەكەی نەزاهە جێبەجێ بكەن.
لە نوسراوەكە دا هاتووە لە كاتی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی دۆسیەكان، كارئاسانی و هاوكاری لێكۆڵەرو دادوەرەکانی دەستەی دەستپاكی بكرێت.
بەپێی ماددەی ١٣ لە یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١١ی نەزاهە لێكۆڵەرەانی دەستەی نەزاهە بۆیان هەیە لێكۆڵینەوە لە گەڵ هەركەسێك بكەن كە بەپێی یاساكە دەیانگرێتەوە.
ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بە فەرمانگەكانی راگەیاندووە، لێكۆڵەرانی دەستەكە بۆیان هەیە لێكۆڵینەوە لە گەڵ هەركەسێك بكەن و دەبێت بەڵگەنامەكانیان بخرێتە بەردەستیان و ڕێگەیان پێبدرێت هەموو ئەو ئامێرانەی لێكۆڵەران بۆ لێكۆڵینەوەیان یان بۆ خۆپاراستنیان پێیە رێگەی چونە ژورەوەیان بۆ هەموو دەزگا فەرمیەكان پێ بدرێت.
لە ١٧/٥/٢٠١٣ سەرۆكی دەستەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان سوێندی یاسایی خواردوە و دەستەكە دەستی بەكارەكانی كردووە.
مشیررەشید ئیبراهیم بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی كاروباری یاسایی و لێكۆڵینەوە، لە دەستەی نەزاهە بە (باس)ی راگەیاند لێكۆڵەرەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گومان بە گەندەلی كردووە و لە ئێستادا حەوت دۆسیەی لێكۆلینەوەیان لە فەرمانگە و دامەزراوە جیاجیاكانی حكوومەت هەیە.
سەبارەت بە وردەكاری ئەو دۆسیانە مشیر رەشید، گووتی: دۆسیەكان پەیوەستن بە پارە و بەكارهێنانی پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت و بەكارهێنانی پارەی گشتی بۆ كەرتی تایبەت و یەكێك لەو كەیسانە سەرپێچی یاسایی هەبووە کە لە جیاتی گرتنی تۆمەتبار تەنها سزای ئیداری دراوە.
مشیر رەشید گووتی: لێكۆڵەرانی ئێمە لێكۆڵینەوەی ورد دەكەن بە تایبەت لە سەر چەكی پارەكان و چۆنیەتی خەرجكردنیان.
ئەوبەرپرسەی دەستەی نەزاهە ڕایگەیاند؛ لە هەرێمی كوردستان لە رێگەی شەش لێكۆڵەری دادی و سێ دادوەر، لێكۆڵینەوە لە كەیسەكان دەكرێت و بەپێی یاسا كاری خۆیان دەكەن و فەرمانگەكان بۆیان نیە رێگریان لێ بكەن و ئەگەر شتێك زۆررنهێنی بێت ئەوە لیژنەیەك بە سەرۆكایەتی دەستەی نەزاهە و دوو بەرێوەبەری گشتی لێكۆڵینەوە دەكات.
بۆ وەی هاووڵاتیان هەواڵ و سكاڵای خۆیان لە سەر گەندەڵی بگەیننە دەستەی نەزاهە، هێڵێكی گەرم بۆ پەیوەندی كردن دانراوەو ناو و زانیارییەكانی بە نهێنی لای دەستەكە دەمێننەوە.
د. پشتیوان عەلی سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجومەنی وەزیران بە (باس)ی راگەیاند؛ بەپێی یاسا لێكۆڵەرانی دەستەی نەزاهە بۆیان هەیە لێكۆڵینەوەی خۆیان بكەن و لێكۆڵەرانی دەستەكە دەتوانن بۆ بەدواداچوونی كەیسێك كە گومانی لە سەر بێت بچنە فەرمانگە حكوومیەكان.
سەرۆكی فەرمانگەی یاسایی ئەوەی دووپاتكردەوە فەرمانگەكان بەپێی یاسا كارئاسانی بۆ دەستەی نەزاهە دەكەن.
