مەلایەك بایكۆتی دیشداشە و جوبە دەكات

مەلایەك بایكۆتی دیشداشە و جوبە دەكات
وەكو هەڵوێستێک بەرامبەر هەندێك مەلا و بڵاوبونەوەی زۆری دیشداشەی عەرەبی لە هەرێمی كوردستان، مەلایەك بایكۆتی دیشداشە و جوبە دەكات.



مەلا موسلیم فریزی پێش نوێژو وتارخوێنی شاری هەولێر بە (باس)ی راگەیاند؛ وەكوو هەڵوێست وەرگرتن و رەتكردنەوەی كارێكی چاولێكەری، بڕیاریداوە جلی عەرەبی بایكۆت بكات.



ناوبراو گووتی: وەك هەڵوێست وەرگرتن‌ و نارەزاییەك لەمەڕ ئەو چاولێكەریەی هەندێك مامۆستای ئایینی و موسڵمانان ئەنجامی دەدەن و بە لەبەركردنی دیشداشە سییمایەكی عڕوبەیان بە مزگەوت‌و كۆڵان‌و بازاڕەكانمان داوە، بڕیارمدا بایكۆتی دیشداشە بكەم.



ئەو مامۆستا ئایینیە ئەوە دەخاتەروو لەبەركردنی دیشداشە هیچ پەیوەندی بە ئایینەوە نیە و دەڵێت: لە راستیدا ئەو جلەهیچ پێوەندیەكی به ‌دینداری‌و خوا پەرستی كەسی موسڵمانەوە نیە، بەڵكو دابونەریتی عەرەبە، بۆیە لەو قۆناغەدا كە هەرێمەكەمان پڕ بووە لەعەرەب بڕیارمدا بایكۆتی دیشداشه ‌و تەنانەت جوبەش بكەم‌.



مەلا موسلیم ڕایگەیاند؛ چیتر بۆ ووتاری هەینی و نویژ و مزگەوت و بازاڕ دیشداشە و جوبە لە بەر ناكات و هەروەک له پێشدا بە پۆشاكی كوردی خۆمان پابەند بوومە و لەمەودواش بەشەوق‌و زەوقی زیاترەوە بە سەربەرزی جلوبەرگی کورد دەپۆشم.



بەهۆی زۆری پۆشینی دیشداشەوە چەندین شوێنی تایبەت بە فرۆشتنی دیشداشە لە بازارەكانی هەرێمی كوردستان كراونەوە كە نرخەكانیان لە نێوانی ٢٥ دۆلار و سەروی ١٥٠ دۆلارە كە لە ووڵاتانی عەرەبیەوە دەهێندرێن.



مەریوان نەقشبەندی گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان هەڵوێستەكەی مەلا موسلیم فریزی بە هەڵوێستێكی كوردانە وەسف دەكات و دەڵێ: دەستخۆشی لەو هەڵوێستەی مامۆستا دەكەم،‌ دڵنیام بەشی هەرەزۆری خەڵكی كوردستان بەستایش و رێزەوە لێی دەڕوانن.



مەریوان نەقشبەندی داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەكات لەم رێڕەوەی مامۆستا مەلا موسلیم بەردەوام بن و داهێنانی نوێ بكەن لەرێگەی هاوتەریبكردنی ماف و رۆشنبیرییە نەتەوەییەكان بە ئەرك و رۆشنبیریە ئیسلامیەكان و دڵنیاشم لەوەی خەڵكی كوردستان نزیكترین و راستترین رێگە و پەیامی پیرۆزی ئیسلام دەگرنەبەر.



گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژە بەوەش دەكات؛ خەڵكی كوردستان پێویستیان بەئیسلامەتی تایبەت بەخۆیان هەیە، نابێ پەیڕەوی ئەو تەفسیر و ئیجتیهاد و رووكەش و روخسارانە بكەین كە لە سعودیە و توركیا و ئێران و ئەفغانستان بەناوی خواپەرستی وەرگیراوە، لەخوای گەورە بەزیادبێت رۆژ لە دوای رۆژ ئەم بیرۆكەیە لە ناو مامۆستایانی ئاینی و موسڵمانانی كوردستان بەگشتی لە گەشەكردندایە.



مەلا نەسرەدین سەركەیی مامۆستای ئایینی رایگەیاند دەبێت بڕیارێك دەربچێت تاوەكو تەعریب لە نێو مەلا كۆن و تازەكان نەمێنێت و دەڵێت: با هەموومان جلوبەرگی عەرەبی بایكۆت بكەین و جلی كوردی خۆمان بپۆشین، دەبێت لەگەڵ جلی كوردیشدا هەست و سۆزی نەوەییمان رەنگ بداتەوە.



مەلا موسلیم فریزی ئاماژەی بەوەشکرد، خەڵکێکی زۆر پشتیوانیان لە بڕیاڕەکەی کردووە و بڕیاریانداوە چیتردیشداشە لەبەر نەكەن.



ناوبراو گووتی: چەندین نوێژخوێنی مزگەوتەكەمان بڕیاریاندا كە چیتر دیشداشە نەپۆشن، چونكە خەڵكێك بە دین و سونەتی تێگەیشت بوون، بۆیان رونبویەوە هیچ پێوەندی بە ئایینەوە نیە، تەنها عادەتی عەرەبە، خەڵك بە گشتی لەگەڵ ئەو بڕیارەی مندا بوونە.



ئەو مامۆستا ئایینیە بە نیگەرانیەوە دەڵێت: كوردستان پڕبووە لە عەرەب، لە جیاتی ئەوەی كەلتوری رەسەنی كوردی خۆمان پیشانی خەڵك بدەین كەچی بەداخەوە، چاو لە كەلتوری خەڵكی تر دەكەینەوە.
Top