نیگەرانییەکان درێژە ناکێشن.. نێچیرڤان بارزانی: دڵنیاتان دەکەمەوە مووچەی کەس نافەوتێت

 نیگەرانییەکان درێژە ناکێشن.. نێچیرڤان بارزانی: دڵنیاتان دەکەمەوە مووچەی کەس نافەوتێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی) لە مەراسیمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی سەر ئاستی کوردستان و عێراق ڕایگەیاند کە، ئەوان هیوای دواڕۆژی وڵاتن و دەبێ لە ئاوەدانکردنەوە و پێشخستنی هەرێمی کوردستاندا ڕۆڵی خۆیان ببینن. دەربارەی دۆخی هەنووکەیی عێراق و هەرێمیش دووپاتی کردەوە، کۆی نەهامەتییەکان بە هۆی سیاسەتە هەڵەکانی بەغداوەن. وێڕای پێزانینی حکوومەت لە خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانیش، جەختی کردەوە کە، بە زوویی کێشەکان چارە دەکەن و مووچەی کەسیش نافەوتێت.

هەر لەو مەراسیمەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر ساز درا، (نێچیرڤان بارزانی) سەرباری ئەوەی کە گوتی حکوومەت ستراتیژی درێژخایەنی لە بواری پەروەردەدا هەیە، هاوکات داوای لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانیش کرد کە لە بواری دامەزراندنی زانکۆ و قوتابخانەدا کار بکەن و لە بواری دروستکردنی قوتابخانەیش هاوکاریی حکوومەت بکەن.

سەرۆکوەزیران نەیشاردەوە کە، بە هۆی ئەم قەیرانە داراییە و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارەکان، ئەرکی حکوومەت گران بووە، بە تایبەت لە بواری پەروەردەدا.

پێوەست بە دۆخی قەیراناوی عێراق و دواڕەوش و دەرکەوتەکانیش، (نێچیرڤان بارزانی) دووپاتی کردەوە، "ئەو ئاڵۆزبوونەی عێراق، ئەنجامی سیاسەتەکانی دەستەڵاتدارانی عێراقە کە بەرەنجامی پێشێلکردنی دەستوورە. بە داخەوە گوێیان بە کورد نەدا لە ئاگادارکردنەوەی ئەوەی کە پرۆسەی سیاسیی عێراق لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەدایە و پێویست ەب گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەپەلەیە.

سەرۆکوەزیران پاشان ڕۆشنایی خستە سەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و هاوکات ڕۆڵی پێشمەرگەی کوردستانی لە پاراستنی کوردستانیان و ناوچە کوردستانییەکان لە مەترسییەکان بەرز و پیرۆز نرخاند و گوتیشی، "سڵاو بۆ ئەو قارەمانەنەی کە بە شەونخوونییان بێ جیاوازی، هاووڵاتیانی ناوچەکانی کوردستان دەپارێزن و بێ هیچ جیاوازییەکی پێکهاتەکان ئاساییش و سەقامگیری بۆ دابین کردوون."

ڕاشیگەیاند، "لایەنە کوردستانییەکانیش یەکدەنگن لەوەی کە ناوچە کوردستانییەکان نابێ بخرێنە بەر مەترسی و هەڕەشەی توندڕۆکانەوە."

ڕاشیگەیاند کە "جێی شانازییە کە پێکهاتە جیاکانی ئەو ناوچانەی کە ئێستا پێشمەرگە لە ناوچە کوردستاندا دەیانپارێزن، لە ڕەوتاری پێشمەرگە ڕازین"، زیاتر گوتی "حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە ئەوەی لە دەستی بێت درێخی ناکات."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها جەختی کردەوە لەوەی کە، چوونی پێشمەرگە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بۆ داگیرکاری نەبووە، بەڵکوو بۆ پاراستنی ئاساییش و بەرجەستەکردنی سەقامگیریی هاووڵاتیانی بووە."

(نێچیرڤان بارزانی) دەربارەی قەیرانی مووچەیش زیاتر گوتی، "ئەم ڕەوشە زۆر ناکێشێت و ئەم گرفتی دواکەوتنی مووچەیە کاتییە و چارە دەبێت"، زیاتر گوتی "بە زوویی ئەم کێشەیە چارە دەکەین و مووچەی کەسیش نافەوتێت و بە دڵنییاییەوە مووچەی هەموانیش دەدرێت."

هاوکات ڕایگەیاند "سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەم کە بەرگەی ئەم دۆخەیان گرتووە و سەربەرزین کە ئارامتان گرتووە، دڵنیاشتان دەکەینەوە کە چارەی ئەم دۆخە دەکەین."

لەو وتارەیدا کە هەر لەو مەرسیمەدا دای، سەرۆکوەزیران ڕووی قسەکانی کردەوە قوتابیان و پێی گوتن، "ئێوە بەبشدارن لە وەدیهێنانی ئەو خەونانەی کە باب و باپیرانمان سەریان لە پێناویدا دانا و، ئێوە دەبێ لە ئاست ئەو بەرپرسارەتییە بن کە خەڵکی کوردستان ئومێدی پێتانە. حکوومەت هاوکارتان دەبێ بۆ سەرکەوتن لەم پرۆسەیەدا"، زیاتر گوتی "ئەوەی بۆ ئێوە ڕەخساوە بۆ نەوەی پێش ئێوە نەرەخساوە و دەبێ بەشداری لە پێشخستنی هەرێمی کوردستاندا بکەن و ڕۆڵی بەرچاو ببینن."

جەختی کردەوە، "دەبێ ئێوە هەست بکەن کە ئەرکی سەرشانتان قورسە، چونکە ئاییندەی ئەو گەلەن."

بۆ جارێکی دیکەیش پیرۆزبایی خۆی لە یەکەمەکان کرد، ئەو قوتابیانەی کە لەسەر ئاستی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش پلەی یەکەمیان بە دەست هێناوە.

Top