میكانیزمی دیكە بە گونجاو دەزانن.. كەمپینی پێداچوونەوە بە بڕی سزای تیژڕۆییدا ڕاگەیەندرا
كۆمەڵێك رۆژنامەنووس، چالاكوانی مەدەنی، كەسایەتی، رۆشنبیران و تێكڕای چین و توێژەكان، كەمپینێكیان بۆ چاوخشاندنەوە بە رێنمایی سزادانی سەرپێچییەكانی هاتوچۆ ڕاگەیاند و هۆشداری دەدەنە لایەنە پەیوەندارەكانیش كە پێبژاردنی سەرپێچییەكان لەگەڵ ئاستی (داهاتی تاكەكەس)دا ناگونجێت.
رۆژنامەنووس (هێمن ڕانیەیی) كە یەكێك لە رێكخەرانی كەمپینەكەیە ڕایگەیاند، بە هۆی زۆریی بڕی سزای تیژڕۆیی لە هەرێمی كوردستاندا، بەشێك لە رۆژنامەنووس و چالاكوان و چینوتوێژە جیاكان بە پێویستیان زانیوە كەمپینێك ڕابگەیەنن و داوای چاوخشاندنەوە بە رێنماییەكاندا بكەن.
(ڕانیەیی) دەڵێت، هەموومان رێز لە یاساكانی هاتوچۆ دەگرین و پابەندی بڕگە و ماددە یاساییەكانین، بەڵام بڕی پێبژاردنی خێرایی لێخوڕین زۆرە و پێمان وایە ئەمە چارەسەر نییە، لە كاتێكدا كە بڕەكە لەگەڵ ئاستی داهاتی تاكەكەسدا ناگونێت، داوا دەكەین رێوشوێن و میكانیزمی دیكە بۆ سزادانی سەرپێچیكاران بگیرێتە بەر.
گوتیشی: "لەبری سزادان بە پارە، دەشێ پۆلیسی هاتوچۆ دوای دووبارەبوونەوەی سەرپێچییەكان، مۆڵەتی شوفێری بۆ ماوەیەكی دیاریكراو لە سەرپێچیكاران بستێنێتەوە و لەگەڵ دووبارەبوونەوەشدا ساڵنامەی ئۆتۆمبێلەكەی بۆ وادەیەك لای پۆلیس زەوت بكرێت.
بە گوتەی ئەو رێكخەرەی كەمپینی پێداچوونەوە بە بڕی سزای تیژڕۆییدا، هەندێك رێكار لە سزادان بە پارە كاریگەرترن، چونكە هەندێك كەس كە باری داراییان باشە، زۆر جار بە ئەنقەست لە كامێرای چاودێری دەدەن و گوێ بە رێنماییەكان نادەن، بۆیە دەكرێ پۆلیسی هاتوچۆ میكانیزمی دیكە بدۆزێتەوە.
