مووسڵیان چۆڵ كرد.. مەسیحییەكان هەڕەشەیان لەسەرە

 مووسڵیان چۆڵ كرد.. مەسیحییەكان هەڕەشەیان لەسەرە
بەڕێوەبەری كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، سەرجەم مەسیحییەكانی مووسڵ ئەو شارەیان چۆڵ كردووە، چونكە هەڕەشەی لەناوبردن و سەربڕینیان لێ كراوە.

بەڕێوەبەری كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف (خالید جەمال) ڕایگەیاند، هەفتەی ڕابردوو لەلایەن داعشەوە داوا لە مەترانەكان كراوە كە بێن لە یانەی مامۆستایانی مووسڵ كۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی چەند ڕێنماییەكی نوێ لە دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام وەربگرن و ئەگەر پێیان خۆشە و بەو مەرجانە ڕازین، ئەوا لە شارەكەدا دەمێننەوە، ئەگەر پێشیان خۆش نییە دەبێ بڕۆنە دەرەوە، بەڵام لە ترسان هیچ مەترانێك ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبووە، چونكە دەترسان توندوتیژییان دەرهەق بكرێت و بڕفێندرێن.

(خالید) هەروەها دەڵێت: "ڕێنماییان داوەتە مەسیحییەكان كە یان دەبنە موسوڵمان یانیش سەرتان دەبڕین، یاخود دەبێت بچنە دەرەوە، ئەوەی ماویشەتەوە دەست بەسەر ماڵ و موڵكیاندا گیراوە و ئەوانی دیكەیش بە پێی پەتی ئاوارەی دەرەوەی مووسڵ بوون."

گوتیشی: "ئەمڕۆ 19/7/2014 دواوادەیە مەسیحییەكان مووسڵ چۆڵ بكەن و من بانگێشت كراوم بۆ جنێف بۆ ئەوەی ڕاپۆرتی خۆم لەو بارەیەوە بخوێنمەوە، ڕاپۆرتیشمان ئامادە كردووە بیدەینە لایەنی پەیوەندیدار و تێیدا داوامان كردووە هەرێمی كوردستان بپارێزرێت، چونكە تاكە شوێنە كە مەسیحییەكان ئومێدیان پێی هەیە، هەرچەندە مەترانەكان داوایان كردووە كە مەسیحییەكان دان بە خۆیاندا بگرن، بەڵام ئەوان ئەوەندە بێئومێد بوون نەیانتوانیوە لەوە زیاتر دان بە خۆیاندا بگرن تا لە عێراقدا بمێننەوە."

بەڕێوەبەری كاروباری مەسیحییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەیشی خستە ڕوو كە "نوێنەرایەتیی حكوومەت لە دەرەوە پەیوەندییان پێوە كردووم بۆ ئەوەی ڕاپۆرتێك لەو بارەیەوە ئامادە بكەم و منیش راپۆرتێكم پێ داون بۆ ئەوەی ئەوانیش بیدەنە قەداسەتی پاپا."

دەشڵێت: "ژمارەی ئاوارە مەسیحییەكان لە هەرێم 300 خێزان دەبن و بەشێكیان هاتوون بۆ دهۆك و هەولێر و ئەرقوش و بەعشیقە بە هۆی ئەوەی خزمیان لەوێ هەیە، ئێمەیش وەكو هەرێمی كوردستان دەرگەمان بۆ لێقەماوانی مەسیحی كراوەیە."






KDP.info
Top