بانکی ناوەندی ھەرێم: مووچە زووتر دابەش دەکرێت وپارەی بەڵێندەران دەدرێت
ئەدھەم کەریم دەروێش بەرێوەبەری لقی ھەولێری بانکی ناوەندی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ باسنیوز رای گەیاند ، پارەی نەوتی کوردستان لە تورکیاوە دێتە بانکی ناوەندی کوردستان.گوتیشی: تاوەکو ئێستا پارەکە نەگەیشتووە،بەڵام بە دڵنیایی وەکو ھەر داھاتێکی تری حکوومەت دێتە بانکی ناوەندی ، ھاتنی ئەو پارەیەش کاریگەری باش لە سەر بازار و گوزەرانی خەڵکی کوردستان دروست دەکات، چونکە موچە زووتر دابەش دەکرێت وپارەی بەڵێندەران دەدرێت و ئیش و کارەکان باشتر دەرۆن.
لە ٢٢ی ئەیلوولەوە بە فەرمی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی تورکیاوە دەستی بە فرۆشتنی نەوت کردوە، لە سەرەتای ئەم ھەفتەیەش وەفدێکی ھەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی حسابی ھەرێمی کوردستان لە پارەی فرۆشراوی نەوت لە تورکیا بوون بریارە بەم نزیکانە پارەکە بێتە بانکی ناوەندی ھەرێمی کوردستان.
ئەدھەم کەریم دەروێش جەختی کردەوە ھەرێمی کوردستان دەسەڵاتی مامەڵەکردنی پارەی نەوتی خۆی ھەیە، گوتیشی:لە رێگەی حسابێکەوە پارەی نەوتی کوردستان دێتە بانکی ناوەندی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەسەڵاتی مامەڵەکردنی بەو پارەیە دەبێت.
وەکو پێشووتر رەشید تاھیر بریکاری وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، ئەوەی بۆ(باسنیوز ئاشکرای کرد ، بە ئیمزای ٣ کەس پارەی نەوت لە تورکیاوە دێتە کوردستان، گوتیشی: تەنیا بە ئیمزای جێگری سەرۆکی حکوومەت و وەزیری دارایی و وەزیری سامانە سروشتییەکان پارەی فرۆشراوی نەوت لە تورکیاوە دەھێندرێتەوە کوردستان.
