ھەفتەی داھاتوو ریفراندۆم لە پەرلەمان دەبێت
د. ڤالا فەرید سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان بە باسنیوزی راگەیاند کاری باش بۆ پرۆژە یاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و ریفراندۆم کراوە، گوتیشی: ئەم ھەفتەیە راپۆرتی لیژنەی یاسایی تەواو دەکرێت و ھەفتەی داھاتوو لە پەرلەمان قسەی لە سەر دەکرێت بۆ خوێندنەوەی دووەم و پەسندکردنی.
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی یاسایی بۆ پەسندکردنی ئەو پرۆژە یاسایە، چەندین پرۆژە یاسای تر رادەگیرێت، گوتیشی: لە ھەوڵداین ،ھەموو لایەنەکانی ناو پەرلەمان لە سەری رازی بکەین،زۆربەی خاڵە گرنگەکان ھەموو لایەک لە سەری کۆکین، ئەوەی ماوەتەوە تێبینی و سەرنجەکانە کە ئەوەش ھیچ کێشەیەکی لە سەر نیە.
سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەوەشی خستەروو دەستەکە سەربەخۆ دەبێت و بودجەی تایبەتی لە حکوومەت بۆ تەرخان دەکرێـت و سەر بە پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
شوان قەڵادزەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە باسنیوزی راگەیاند پرۆژەیاسای کۆمسیۆنی ھەڵبژاراردن کاری جدی لە سەر دەکرێت، گوتیشی: لە دانیشتنەکانی ھەفتەی داھاتووی پەرلەمان قسەی لە سەر دەکرێت، چونکە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە، تەنھا ماوە خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
شوان قەڵادزەیی ئەوەشی خستەروو ھەموو لیژنە تایبەتمەندەکانی پەرلەمان رای خۆیان لە سەر پرۆژەکە نوسیوە و ھەموو لایەک کۆکن لە سەر خاڵە سەرەکیەکانی .
