سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات
ئەمڕۆ سێشەممە 15ـی 7ـی 2014 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دكتۆر ڕەزا ئەمیری موقەدەم یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.


لە دیدارێكدا یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران سوپاس و خۆشحاڵیی خۆی بۆ ڕەخساندنی ئەم دیدارە نیشان دا و ئاماژەی بەوەدا كە پەیوەندییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی كوردستان پەیوەندیی مێژوویین و نیگای كۆماری ئیسلامیی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیگایەكی ڕوون و دۆستانەیە و هیوایشی خواست كە قسەی لابەلا و ئەو كەشوهەوایەی لەنێو ڕاگەیاندنەكاندا لەدوای ڕووداوەكانی موسڵ دروست بووە كاریگەری لەسەر پەیوەندیی برایانەی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێراندا نەبێت.


هەر لەم دانیشتنەدا یاریدەدەری سكرتێری ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوەیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراقی وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق هیوای خواست كە بە زووترین كات كۆتایی بە گرفتەكان بهێندرێت و ئارامی بۆ خەڵكی عێراق بگەڕێتەوە.


لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەخێرهاتنی شاندی میوانی كرد و ئاماژەی بە پەیوەندییە مێژوویی و سیاسییەكانی نێوان كۆماری ئیسلامی و هەرێمی كوردستان دا و ڕایگەیاند كە هەرێمی كوردستان هەردەم لەگەڵ برایەتی و ئاشتەوایی نێوان پێكهاتەكان و گەلان بووە و سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و ڕووداوەكانی موسڵ و ئەو واقیعەی ئێستا لە عێراقدا هاتووەتە كایەوە بە ڕاشكاوی بۆچوونی هەرێمی كوردستانی خستەڕوو و هۆكاری هەموو ئەو قەیرانەكانی عێراق بۆ بوونی فەرهەنگی خۆسەپاندن و تاكڕەوی و ئیدارەدانی هەڵەی كاروبارەكان گەڕاندەوە.


لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆر لەسەر عێراق و كوردستان و ناوچەكە ئەوەیشی بۆ شاندی میوان ڕوون كردەوە كە شەش مانگ بەر لە كەوتنی شاری موسڵ، لەبارەی بوونی هەڕەشەی تیرۆر لەم شارە هۆشداری داوەتە دەستەڵاتدارانی بەغدا بەڵام بە جدییان وەرنەگرت و لە دوای شكستیشیان هەوڵیاندا شكستی خۆیان بە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان پەردەپۆش بكەن. لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە هەرێمی كوردستان ناتوانێ تاهەتایە لەنێو ئاگری توندڕۆیی مەزهەبی و ئیدارەدانی هەڵە و پێشێلكردنی دەستوور و خۆسەپاندنی دەستەڵاتدارانی بەغدادا بمێنێتەوە.
Top