حكومەت: پێش جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانبەران دەدرێت
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی وزەی توركیا، بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەی كردو ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو.
سەبارەت بە كۆبوونەوەكە، دزەیی رایگەیاند كە كۆتاییان بە كۆبوونەوەكە هێناوەو تێیدا تاوتوێی پرسی وزەو هەناردەكردنی نەوتی باشووری كوردستان كراوە بۆ بازاڕی نەوت و پەرەپێدانی ئەو پرۆسەیە. ئەو گوتی "داوامان لە توركیا كرد نەوتی زیاتری هەرێمی كوردستان وەربگرێت". سەبارەت بە وەڵامی توركیا لەو بارەیەوە گوتی "ئەوان گوتیان چەند نەوت بنێرن ئێمە وەریدەگرین".
گوتەبێژی حكومەت ئاشكراشیكرد، كە ئێستا 120 هەزار بەرمیل نەوت رۆژانە هەناردەی توركیا دەكرێ و گوتی "هەوڵدەدەین تاوەكو كۆتایی ساڵ بگەیێنینە 400 هەزار بەرمیل".
سەبارەت بە كاتی دابەشكردنی مووچەی مانگی شەش (حوزەیران)ی فەرمانبەران، لە لێدوانەكەیدا بۆ رووداو سەفین دزەیی گوتی "تاوەكو پێش جەژنی رەمەزان مووچەی سەرجەم فەرمانبەران خەرج دەكەین".
ئاماژەی بەوەشكرد، كە مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و داهاتی ناوخۆ دەدرێت.
رووداو
