فرۆشیارانی یاریی ئاگرینی منداڵان سزا دەدرێن
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر، عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان، ڕایگەیاند: هەڵمەتێكی چڕی سزادانی ئەو بازرگان و فرۆشیارانەیان دەست پێ كردووە كە لە هەولێر و دەوروبەری بازرگانی بە یاریی ئاگرینی منداڵانەوە دەكەن و لێپێچینەوەی توندیان لەگەڵدا دەكەن.
لیوا عەبدولخالق، هەروەها ڕوونیشی كردەوە، هەر بازرگان و فرۆشیارێك پێچەوانەی ڕێنماییەكان بازرگانی بە یاریی ئاگرینی منداڵانەوە بكات، لێی دەپێچرێتەوە و بە گوێرەی یاسا سزا دەدرێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، سەبارەت بە گازندەی دانیشتووانی شارەدێی دارەتوو لە هەولێر كە بە گوتەی خۆیان بەكارهێنانی یاریی ئاگرینی منداڵان بێزاری كردوون، گوتی: "بنكەی پۆلیسی ئەو ناحیەیە ئاگادار دەكەینەوە هەرچی زووە هەڵمەتەكە چڕتر بكەنەوە و هەموو ئەو فرۆشیارانە سزا بدەن كە یاریی ئاگرین و تۆپترەقە بە منداڵان دەفرۆشن".
ڕاگەیاندنی پۆلیسی هەولێر
