پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەوشی کۆبانێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

 پەرلەمانی کوردستان لەبارەی رەوشی کۆبانێ راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشی لە "بەرخودان و خۆڕاگری" کچ و کوڕانی رۆژئاوای کوردستان دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان.

پەرلەمانی کوردستان راگەیەنراوێکی دەربارەی بارودۆخی کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان و هێرشی گرووپە چەکدارییەکان بڵاوکردووەتەوە و پێیوایە "هەڕەشەی جیدی لە سەر خەڵكی سڤیل و خۆراگری ئەو ناوچەیە دروست بووە".

لە راگەیەندراوێكەی پەرلەمانی کوردستاندا هاتووە، کە پێویستە هەرچی زووە کوردانی رۆژئاوا هێزەکانیان رێکبخەنەوە، هەروەها یەكدەست و یەكهەڵوێست رووبەڕووی مەترسییەكان ببنەوەو "رێگە بەدوژمنانی كورد نەدەن مەرامەكانیان بێنەدی".

دەقی راگەیەندراوەكە:

ماوەیەكە ناوچەی كۆبانی لە رۆژئاوای كوردستان لە لایەن گروپە چەكدارەكان رووبەڕووی پەلامارێكی رێكخراوی رۆژانە بوەتەوە و بەهۆیەوە هەڕەشەی جیدی لە سەر خەڵكی سڤیل و خۆراگری ئەو ناوچەیە دروست بوەو و ئەو ئارامی و ئازادیەی كە لە ماوەی رابردودا لەو ناوچەیەدا بەرقەرار بوە روبەڕوی مەترسی بوەتەوە. ئەوەی جێگەی مەترسیە ئەو پەلامارانە بەوردی نەخشەی بۆ داڕێژراوەو بە چەكی قورس و ئەو جبەخانە زۆروزەبەندە ئەنجام دەدرێت كە گروپە چەكدارەكان لە عێراق دەستیان كەوتووە.

سەرۆكایەتی پەرلەمای كوردستان وێڕای دەستخۆشی لەو بەرخۆدان و خۆڕاگریەی كچان و كوڕانی گەلەكەمان لەو رۆژئاوای كوردستان كە بونەتە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەو دەسكەوت و ئازادیەی كە بە خوێنی خۆیان بە دەستیان هێناوە، لە هەمانكاتدا داوا لە هەموو هێزە سیاسیەكانی رۆژئاوای كوردستان دەكەین هەرچی زووە ناكۆكی و ململانێكانیان وەلاوە بنێن، تاوەکو لەو هەلومەرجە دژوار و ناسكەدا كە هەڕەشە لە ئایندەی گەلەكەمان دەكرێت، یەك دەست و یەك هەڵوێست رووبەڕووی مەترسیەكان ببنەوەو رێگە بەدوژمنانی كورد نەدەن مەرامەكانیان بێنەدی.

هاوكات داوا لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتی ئەوروپاو كۆمكاری عەرەبی دەكەین بە بەرپرسیارێتیەوە بڕواننە دۆخی كوردانی رۆژئاوای کوردستان و هەرچی زووە دەرگای هاوكاری و یارمەتییە مرۆییەكان بەڕوی خەڵكی كۆبانیدا بكەنەوە، و رێگە لە روودانی كارەساتێكی مرۆیی و كۆمەڵكوژی لەدژی كوردانی ئەو ناوچەیە بگرن.

هەروەها داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وهێزە سیاسییەكانی پارچەكانی كوردستان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەكەین هەستیاری دۆخەكە لەبەرچاو بگرن، و بە هەر شێوەیەك كە بە گونجاوی دەزانن، و پێیان دەكرێت پشتیوانی لە برا كوردەكانیان بكەن بەسەرجەم بیروبۆچوون وهێزە جیاوازەكانیانەوە لە رۆژئاوای كوردستان، بە زووترین كات بە هانایانەوە بچن و لەم كاتەدا ببنە پشت و پەنا بۆیان .

نەمری بۆ شەهیدان، سەركەوتن بۆ خەباتی رەوای گەلی كوردستان

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان
Top