لە جەلەولا ١١ داعش کوژران

لە جەلەولا ١١ داعش کوژران
لە ئاکامی شەروپێکدادانەکەی ئەمرۆی جەلەولا کە تاوە کو ئێستاش بەردەوامە، بە پیی زانیارییەکان ١١ چەکداری داعژش کوژراون و ھەروەھا ژمارەیەکی دیکەشیان دەستگیرکراون.



پێشتر سەرچاوەیەک لە ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ لەشەڕەکەی ئەمرۆدا، ھێزەکانی پێشمەرگە پێشرەوی باشیان کردووە و توانیویانە ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیشیان لێ دەستگیربکەن، بەڵام لەبەر بەردەوامی شەرەکە ژمارەی کوژراوەکان نادیارن.

ئەوەشی خستەروو: ھێزەکانی پێشمەرگە بە شێوەیەکی تۆکمەو فراوان جیاواز لە پێشوو، ھێرشەکانی بۆ سەر ئەو شوێنانە دەست پێکردووە کە چەکدارەکان و عەرەبەکان تێدا رووبەرووی ھێزەکان دەبنەوە و لەو ڕووەشەوە پێشمەرگە پێشرەوی باشی کردووە و بریاریش وایە ناوچەکە بە یەکجاری کۆنترۆڵ بکەن.

لە بارەی ئاماری کوژراوانی چەکدارەکانیشەوە بە پێی ھەواڵێکی سایتی سۆمەرییە نیوز کە لەزاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاوی کردۆتەوە، ١١ چەکداری داعش کوژراون.

لای خۆشیەوە سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ھەواڵی پەیامنێری راگەیاند؛ ھێزەکانی پێشمەرگە لە پێشرەویدان توانیویانە زۆربەی گەرەکەکانی وەحدەو جەماھیر کۆنترۆڵ بکەن و دەستیش بگرن بە سەر رەبییەو ئەو شوینانەی قەناس بە دەستەکانی داعش تێیدا رووبەرووی ھێزەکانی پێشمەرگە دەبوونەوە.

ئەوەشی خستەروو کە ئێستا چەکدارەکان و عەرەبە توندڕەوەکان لە گەرەکی تەجنیدی شارەدێیەکەن و پێشمەرگەش پلان و بەرنامەی تایبەتی ھەیە بۆ ھێرش کردنە سەر گەرەکەکە و قەلاچۆکردنی لە تیرۆریستان.
Top