دانانی کەسی دی لە شوێنی وەزیرە كوردەكان نایاساییە
دوای ئەوەی لە دژی قسەكانی (نووری مالیكی) كە تۆمەتی خستە پاڵ هەرێمی كوردستانەوە، وەزیرە كوردەكان بایكۆتی دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانیان كرد و لە بەرانبەریشدا (مالیكی) كەسی خۆی لە شوێنەكانیان دانا، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق (ئەشواق جاف) بۆ KDP.infoگوتی: "بڕیاری پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرە كوردەكان لەلایەن (نووری مالیكی)ـەوە نایاساییە و دەبێت كورد پابەندی نەبێت، چونكە بەپێی پێڕۆی ناوخۆی پەرلەمان دانانی هەر وەزیرێك دەبێت بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێت، كە ئێستایش ئەوە كراوە لە دەرەوەی ڕێنمایی پەرلەمان و دامەزاروەكانی حكوومەتی عێراقە".
هاوكات ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی لە كەركووك (سیروان ئەحمەد) بە KDP.infoـی ڕاگەیاند :"ئەوەی (مالیكی) كردی، شەڕێكی قورسە لە دژی هەرێمی كوردستان و تەواو شكستی حكوومەتەكەیشی دەرخستووە، لەگەڵ ئەوەیشدا دەیەوێت خۆی بخزێنێتە شەڕێكەوە كە بە ناهەق لە دژی هەرێمی كوردستان دەستی پێ كردووە، بەڵام سەرئەنجام خۆی زیانی گەورە دەكات".
گوتیشی: "(مالیكی) ئەم بارودۆخەی عێراقی قۆستووەتەوە و لە پێناو مانەوەی خۆیدا دەستووری بە تەواوی پێشێل كردووە".
