زانیاری زیاتر لە سەر شەرەكەی جەلەولا
لەبەرەبەیانی ئەمرۆوە لە شارەدێی جەلەولا شەروپێكدادانێكی قورس لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و چەكدارانی داعش دەستی پێكردووە و پێشتر سەرچاوەیەك بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند، هێرشی ئەمجارەی پێشمەرگە تۆكمە و جیاوازترە و بریارە ناوچەكە بە تەواوی كۆنترۆل بكەن. وتیشی ژمارەیەك چەكدار كوژراون و دەستگیركراون و سێ پێشمەرگەش شەهید بوون و زیاتر لە دە پێشمەرگەی دیكەش بریندارن.
لە بارەی دواین زانیارییەكانیشەوە، سەرچاوەیەك لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە جەلەولا تایبەت بە ئاژانسی هەواڵی پەیامنێری راگەیاند: پێشمەرگە پێشرەوی زیاتر كردووە و توانیویانە رەبییەیەكی چەكدارەكان و چەند شوێنێكی تایبەت بە قەناس بە دەستەكان بگرن كە دەكەوێتە گەرەكی وەحدەوە و هەروەها گەرەكەكانی جەماهیر و وەحدە بخنە ژێر كۆنترۆڵی خۆیانەوە و لە ئێستادا تەنها یەك قەناس لە گەرەكی وەحدەوە تەقە دەكات و هێزەكان سەرقاڵی دۆزینەوەی ئەو قەناسەن.
وتیشی، ژمارەی كوژراون و دەستگیركراوانی چەكدارەكانی داعش زیاتر بووە و لە بەرامبەریشدا چوار پێشمەرگە شەهیدبوون و 13ی دیكەش بریندارن.
ئەوەشی خستەڕوو، هێزەكانی پێشمەرگە لە گەرەكی تەجنید نزیكبوونەتەوە كە مۆڵگەی چەكدارەكان و عەرەبە توندڕەوەكانە و بە بەردەوامی لەوگەرەكەوە رووبەرووی هێزەكان دەبنەوە.
