لە ترسی زیانگەیاندن بە بۆرییە نەوتییەکان، هەولێر، کۆمپانیای نەوتی باکووری خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە

لە ترسی زیانگەیاندن بە بۆرییە نەوتییەکان، هەولێر، کۆمپانیای نەوتی باکووری خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە
حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ هەینی ڕایگەیاند، لەپێناو پاراستنی ئاساییشی کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و ناوچەی مەخموور پاش ئەوەی زانرا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمانیان کردووە بە زیانگەیاندن بەو هێڵی بۆرییەی کە بەم دواییانە دوو لایەنە رێککەوتنی لەسەر کرابوو و کێڵگەی ئاڤانا دۆم دەبەستێتەوە بە کێڵگەی خورمەڵەوە، کێڵگەی بای حەسەن و کێڵگەکانی تری قەزای مەخمووری بەتەواوی خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور کە پێشتر ئەم کێڵگانەیان ئیش پێ کردووە ئاگادار کراونەتەوە کە لە سبەینێوە چاوەڕێیان لێ دەکرێت هاوکار بن لەگەڵ بەڕێوەبردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. ئەوانەیشی نایانەوێت هاوکار بن دەتوانن بڕۆن.

بەیاننامەکە هاوکات جەخت دەکاتەوە کە،"حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشکی دەستووری داهاتی نەوت کە لەم کێڵگانەوە بە دەست دێت وەردەگرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە داراییە گەورەیەی کە بەهۆی بڕینی نایاسایی پشکی 17٪-ی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی لەلایەن بەغداوە دروست بووە."

دەقی بەیاننامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رووداوەکانی ئەم دواییانە لە دامودەزگاکان و ژێرخانی نەوت لە قەزای مەخموور:
"ئەم بەیانیە، ئەندامانی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پاراستنی نەوتی کەرکووک جوڵان لەپێناو پاراستنی ئاساییشی کێڵگە نەوتییەکانی بای حەسەن و ناوچەی مەخموور پاش ئەوەی زانرا بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لە بەغدا فەرمانیان کردووە بە زیانگەیاندن بەو هێڵی بۆرییەی کە بەم دواییانە دوو لایەنە رێککەوتنی لەسەر کرابوو و کێڵگەی ئاڤانا دۆم دەبەستێتەوە بە کێڵگەی خورمەڵەوە.
ئێستا کێڵگەی بای حەسەن و کێڵگەکانی تری قەزای مەخموور بە سەلامەتی لەژێر بەڕێوەبردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوان دەکات بەرهەمهێنان لەم کێڵگانەدا بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بێت. کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور کە پێشتر ئەم کێڵگانەیان ئیش پێ کردووە ئاگادار کراونەتەوە کە لە سبەینێوە چاوەڕێیان لێ دەکرێت هاوکار بن لەگەڵ بەڕێوەبردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. ئەوانەی نایانەوێت هاوکار بن دەتوانن بڕۆن.
مەبەست لە نەخشەکێشان و دروستکردنی ئەو بۆرییە نوێیەی کە خورمەڵە بە ئاڤاناوە دەبەستێتەوە بە تەواوی ئاسانکاریکردن بووە بۆ هەناردەکردن لە کێڵگەکانی مەخموور و ئاڤانا و ناوچەکانی کەرکووک لە رێگەی تۆڕی ‌هێڵی بۆریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەپێناو یارمەتیدانی زیادکردنی داهات بۆ خەڵکی عێڕاق لەم کاتی پێویستییە زۆرەدا و لە کاتێکدا زۆربەی هێڵی بۆریی عێراق– تورکیا لەژێر کۆنترۆڵی داعشدایە.

ئەم ژێرخانە نوێیە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراوە و پارەی دراوە و حکوومەتی هەرێم بە هاوکاریی تەواوەوە کاری لەگەڵ بەرپرسان و ئەندازیارانی کۆمپانیای نەوتی باکووردا کردووە. بەڵام رۆژی پێنچشەممە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زانی کە هەندێک بەرپرسی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی فەرمانیان کردووە بە ژمارەیەک لە کارمەندانی کۆمپانیای نەوتی باکوور بۆ ئەوەی هاوکاریان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بوەستێنن و وەلفەکانی بۆرییە نوێیەکە لێبکەنەوە یان لەکاریان بخەن.

کێڵگەکانی ئاڤانا و مەخموور لە مانگی ئازارەوە نەیانتوانیوە هەناردە بکەن چونکە بۆریی سەرەکیی عێراق– تورکیا بەهۆی هێرشە تیرۆریستییەکانەوە شکێنراوە. هێڵی بۆریی سەرەکیی عێراق بە زۆری دەکەوێتە ئەو ناوچەیەی کە بەم دواییانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە تەسلیمی داعش کرا.

سەرباری نەتوانینی هەناردەکردن و وەستانی پاڵاوتن لە بێجی، کێڵگەکانی ئاڤانا و مەخموور نزیکەی 110،000 بەرمیل نەوتیان رۆژانە بەرهەم دەهێنا و بڕی غازەکەی ناویشیان سوودی لێوەردەگیرا بۆ یارمەتیدانی ئیشپێکردنی کارگەی بوتڵی غازی کەرکووک.

بەڵام لەبری بەکارهێنانی بۆرییە نوێیەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوتە بەرهەمهێنراوەکە، بەپرسانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەلایەن بەغداوە فەرمانیان پێ کرا بۆ گێڕانەوەی نەوتەکە بۆ کێڵگەیەکی بچووک و بەکارنەهێنراوی کەرکووک. ئەم بڕیارە، کە پاڵنەری سیاسی لە پشتە، دەبووە هۆی زەرەر و زیانێکی گەورە بە کێڵگەکە و بەفیڕۆچوونی هەمیشەیی زۆربەی ئەو نەوتەی کە گێڕابووەوە. هەروەها دەبووە هۆی بێبەشکردنی خەڵکی عێراق لە داهاتی هەناردەکردنی نەوت کە لە ئێستادا پێویستییەکی گەورەیە.

لە ئێستا بەدواوە، بەرهەمی ئەو کێڵگە نوێیانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندان بە کار دەهێنرێت بۆ پڕکردنەوەی کەمی بەرهەمە پاڵێوراوەکان لە بازاڕی ناوخۆدا. ئەمەش باری سەرشانی هاووڵاتیانی ئاسایی سووک دەکات کە لە ئەنجامی شکستی دەسەڵاتی فیدراڵییەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی نەوت لەو ناوچەیەدا دروست بووە.

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشکی دەستووری داهاتی نەوت کە لەم کێڵگانەوە بە دەست دێت وەردەگرێتەوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە داراییە گەورەیەی کە بەهۆی بڕینی نایاسایی پشکی 17٪-ی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی لەلایەن بەغداوە دروست بووە.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرگای کراوە بووە و هەمیشەش کراوە دەبێت بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ بەغدا بەپێی ماف و بەپرسیارێتییەکانی هەرێمەکان هەر وەک لە دەستووری عێراقدا هاتووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێشتا ئومێدەوارە کە بەغدا واز بهێنێت لە پیادەکردنی سیاسەتی ئابڵوقەی سیاسی و ئابووریی سزائامێز دژی هاووڵاتیانی کوردستان.

رووداوەکانی ئەم بەیانییە دەریان خست کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوورە لەسەر پاراستن و بەرگریکردن لە ژێرخانی نەوتی عێراق، هەر کاتێک لەژێر هەڕەشەدا بێت بەهۆی کردەوەی تیرۆریستی یان، لەم حاڵەتەدا، بەهۆی تێکدانێکەوە کە پاڵنەری سیاسی لە پشتەوەیە."
Top