ئەنجامی كۆبوونەوەكەی یەكێتی و پارتی
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەحمەد كانی ، ئەندامی سەركردایەتی پارتی و رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
بە گوتەی ئەحمەد كانی، پارتی لای گرنگە هەموو لایەنەكان بەشداریی حكومەتە خۆجێیەكەی هەولێر بكەن و پێیوایە دەبێ حكومەتی بنكە فراوان لە ئیدارەی پارێزگاكانیش رەنگبداتەوە.
سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ بەشداریكردن لە حكومەتە خۆجێییەكەی هەولێر، هەردوولا بە ئیجابی لێیان رووانی و ئەحمەد كانی گوتی "ئەگەری رێككەوتن و بەشداریكردنی هەموو لایەنەكان زۆر زیاترە لەوەی بڕیاری بەشدارینەكردن بدەن". لای خۆشیەوە رزگار عەلی گوتی "بڕیارمانداوە كۆبوونەوەكان بەردەوام بن".
سەبارەت بەوەی یەكێتی داوای كام پۆست دەكات و گفتوگۆكانیان لەو بارەیەوە چۆن بووە، ئەحمەد كانی رایگەیاند، كە ئەوان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا رۆنەچوونەتە نێو وردەكارییەكان و تەنا قسەیان لەسەر مەبدەئی بەشداریكردن كردووە.
پارتی دیموكراتی كوردستان لە سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ لایەنە براوەكانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەستپێكرد و پێشتر لەگەڵ كۆمەڵ، یەكگرتوو و دوێنێش لەگەڵ گۆڕان كۆبووەوە. ئەم كۆبوونەوانە دوای ئەوە دێن كە پارتی پۆستە باڵاكانی وەك پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگرەكەی یەكلاكردووەتەوە و ئەو چوار لایەنەش لەو هەڵوێستەی پارتی نیگەرانن، بەڵام پارتی پێشتر رایگەیاندووە كە ئامادەیە لەسەر ئەو پۆستانەی دیكە كە ماون گفتوگۆ بكات. دەشگوترێ گۆڕان داوای جێگری یەكەمی پارێزگار دەكات، بەڵام یەكێتی دەیەوێت سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاكە وەربگرێت.
رووداو
