سەرۆكی كوردستان مافی خۆیەتی بڕیار بدات راپرسی بۆ مافی چارەنووس بكرێت

سەرۆكی كوردستان مافی خۆیەتی بڕیار بدات راپرسی بۆ مافی چارەنووس بكرێت
لە دیدارێكی تایبەتدا بۆ گۆڤاری گوڵان جۆن ماك گاری تایبەتمەند لەسەر پرسی فیدرالیزم و عێراق: گوتی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، بە تەواوەتی مافی خۆیەتی ئەو راپرسیە ئەنجام بدات و ریفراندۆم مافێكی سروشتی هەموو گەلێكە، هەر بۆ نموونە سكۆتلەنداش لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەدا راپرسی دەكات. هەروەها هەرێمی كیوبیكیش لە كەنەدا- كە من ئێستا لەوێوە قسەتان لەگەڵدا دەكەم- دوو راپرسی ئەنجام داوە بۆ سەربەخۆیی و بەڵام جیانەبوونەتەوەو، لە هەرێمی كەتەلۆنیاش لە ئیسپانیا لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا راپرسی ئەنجام دەدات، كەواتە ئەمە شتێكی تەواو ئاساییە. جیاوازیەكە ئەوەیە كوردستان لە عێراقدایە نەك بەریتانیا یان كەنەدا یان ئیسپانیادا، من دەتوانم مەزندەی ئەوە بكەم كە حكومەتی عێراق مالیكی، بە راپرسیەكەی كوردستان خۆشحاڵ نابێت و شەرعیەتەكەی قبوڵ ناكات.


هەروەها جۆن گوتی : كورد مافی خۆیانە بەرگری لە خاكی خۆیان بكەن لە دژی هەڕەشەی ئیسلامیە ئسوڵیەكان و جیهادیەكان، كە رێكخراوێكی مەترسیدارە و لە ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق بەرفراوان بووە، كەواتە لە دەرەوەدا هاوسۆزیەكی زۆر هەیە بۆ كوردستان، بەلای كەمەوە لەسەر ئاستی خەڵكەكە، بەڵام رەنگە ئەو هاوسۆزیە لەسەر ئاستی حكومەتەكان بەو شێوەیە نەبێت. ئێران هاوسۆزیەكی زۆری بۆ كوردستان نییە، بەڵام توركیا هاوسۆزییەكی زۆری هەیە. من وێنای ئەوە دەكەم كە دەوڵەتی روسیا دەیەوێت عێراق پێكەوە و بە یەكگرتویی بمێنێتەوە و ئەوە دەبێتە ئەولەویەتی ژمارە یەكی روسیا- من باسی ئەوە دەكەم كە هەڵوێستی روسیا چییە نەك ئەوەی پێویستە هەڵوێستی چۆن بێت .


شایانی باسە ماك گاری گوتی: ئەوە سیاسەتی درێژخایەنی ئەمریكا ئةوةبوو كە پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق بكات، لەبەر ئەوە ئەولەویەتی ئەوان پێكهێنانەوەی عێراقە و رزگاربوونە لە مالیكی كە تەواو بێتوانایە و حكومەتێكی نوێنەرایەتی نییە، و لە رەفتارەكانیدا دژی سوننە و كوردە، لەبەر ئەوە ئەولەویەت ئەوەیە عێراق بە نامەركەزی بكرێتەوە و بەڕاستی بكرێتە فیدراڵی و حكومەتی فیدراڵی عێراق پتر نوێنەرایەتی سێ پێكهاتە جیاوازەكە بكات. بەڵام پێموایە هەر كارێكیان لەدەست بێت دەیكەن بۆ پاراستنی كوردەكان لە دەستی داعش ئەگەر هاتوو داعش بووە هەڕەشە و مەترسی. پێموایە زۆر كەس لە ئێستادا باوەڕیان وایە كە پێشمەرگە بە تەواوەتی توانای بەرنگاربوونەوەیان هەیە بەبێ راگەیاندنی سەربەخۆیی. ئەگەرچی كوردەكان دۆستێكی باشی ئەمریكان، بەڵام واقیعی نییە پێشبینی ئەوە بكەیت ئەمریكا لە ریزی ئەوانە بێت پاڵپشتی داواكاری سەربەخۆی كوردەكان بكات لە ئێستادا. ئەگەر دۆخەكە خراپتر بوو و بە دڵنیایەوە ئەگەر داعش دەستی بەسەر بەغدادا گرت- كە پێم وانییە مومكین بێت .
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتە لە گۆڤاری گوڵان ژمارە (984)

Top