جێبەجێكردنی پرۆژەی ڕێگای هەولێر- حاجی ئۆمەران لە قۆناغێكی پێشكەوتوودایە
بە تەواوبوونی ڕێگاکە، تەواوی ڕێگای نێوان هەولێر و دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دەبێت بە دوو ساید، کە بەشێکی زۆری ئێستا لە ژێر جێبەجێکردندایە وەک دروستکردنى ڕێگا و تونێلی پیرمام، درووست کردنى جوت سایدى ڕێگاى کۆڕێ - شەقڵاوە - مامەجەلکە، درووستکردنى تونێلى بەنى هەریر وهەروەها دروست کردنى ڕێگاى جوت سایدى چۆمان - حاجی ئۆمەران.
ئەم پرۆژەیە بە دوو جەمسەر جێبەجێدەکرێت، جەمسەری یەکەمی پرۆژەکە لە سێ بەش پێکدێت، بەشی یەکەم بریتیە لە دروستکردنى ڕێگا و تونێلى پیرمام بە درێژیهەشتکیلۆمەتر و 822 مەتر، کە تێیدا درێژى تونێلەکە دوو کیلۆمەتر و 450 مەترە و ڕێگاکەش شەش کیلۆمەتر و 432 مەترە. تا ئێستا 72 لەسەدی پڕۆژەکە تەواو بووە و پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستى ساڵی داهاتوو ئامادەبێت بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان.
بەشی دووەمی پرۆژەکە بریتیە لە بە جووت سایدکرنی تەواوی درێژایی 21 کیلۆمەتر و 320مەتری ڕێگای کۆڕێ، شەقڵاوە، مامەجەلکە کە دوو تونێل لە خۆدەگڕێت، هەریەک بە درێژایی 935 مەتر و 380 مەتر. ئەم پڕۆژەیە کە 82 لەسەدی تەواو بووە، و پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستى ساڵی داهاتوو ئامادەبێت بۆ هاتووچۆی هاوڵاتیان.
بەشى سێیەمى پڕۆژەکە بریتیە لە درووستکردنى تونێلى بەنى هەریر بە درێژى چوار کیلۆمەتر و 415 مەتر کە درێژى تونێلەکە سێ کیلۆمەتر و 565 مەترە و 850 مەتر ڕێگا لە خۆ دەگرێت و پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی ساڵى 2017 تەواو بێت.
جەمسەری دووەمی پرۆژەکە بریتیە لە دروستکردنی ڕێگای جووت سایدى چۆمان - حاجی ئۆمەران بە درێژایی 16 کیلۆمەترو 685 مەتر و پێشبینى دەکرێت لە کۆتایی ساڵی 2017 تەواودەبێت.
جگە لە کورتکردنەوەی کاتی پێویست و کەمکردنەوەی ڕووداوی هاتووچۆ، تەواوبوونى ئەم ڕێگایە دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی بازرگانی نێودەوڵەتی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ وە هەروەها بەیەکەوە بەستنەوەی ئەو گوند وشارو شارۆچکانەی کە دەکەونە دەوروبەر و نزیکی ڕێگاکە.
ڕێگای هەولێر - حاجى ئۆمەرانى کۆن ناسراو بە ڕێگاى ستراتیژی هامیلتۆن لە لایەن ئەندازیاری نیوزیلەندی، ئارشیباڵد هامیلتۆن، لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە ماوەی چوار ساڵ دروستکراوە بەمەبەستی بەستنەوەی هەولێر بە حاجی ئۆمەران. ئەندازیاری ناوبراو دروستکردنی ڕێگاکەی لە کتێبەکەیدا لە ژێرناوی"Road Through Kurdistan, the Narratives of an Engineer in Iraq" کە لە ساڵی 1937 لە لەندەن بڵاوکراوەتەوە، باسکردووە.
لە لایەکی ترەوە، هەرلە چوارچێوەی پەرەپێدانی ڕێگاى ناوبراو لە سەرەوە، دیزاین و نەخشەسازى ڕێگاى جووت ساید و تونێلەکانی ترى نێوان مامە جەلکە و چۆمان کە درێژیەکەى 62 کیلۆمەتر و 685 مەتر دەبێت، ئەم درێژیەش 15 کیلۆمەتر و 540 مەتر تونێل لەگەڵ 47 کیلۆمەتر و 145 مەتر ڕێگا لە خۆدەگرێت، ئامادەکراوە و بە شێوەی قۆناغ لە داهاتوودا دەکەوێتە بوارى جێبەجێكردن بە پێى پشکى بودجەى ساڵانە.
