داهاتی داعش زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلارە.. لە سنووری خورماتوو رۆژانە 60 تانكەر نەوت دەفرۆشێت
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو رائید (فارووق ئەحمەد)، بە kdp.infoـی راگەیاند: "ئەوەی ئێمە ئاگادارین لە پاڵاوتەی بێجی و سنووری تكریتەوە تا دەگاتە زنجیرەچیاكانی حەمرین، كۆمەڵێك بیری نەوتی لێیە و دوای ئەوەی ئەو ناوچانەیش كەوتنە ژێر كۆنتڕۆڵی داعشەوە، بۆرییەكانیان شكاندووە و نەوتی رەشی لێ دەردەهێنن و بە تانكەر دەیفرۆشنە كۆمەڵێك قاچاخچیی سنوورەكە، كە كورد و عەرەبن و زۆرینەیشیان كوردن."
رائید (فارووق) گوتیشی: "هەر تانكەرێكی 36 هەزار لتری بە 10 هەزار دۆلار دەفرۆشن و ئەو تانكەرانەیش بە خورماتوودا دێن و بە رێگەی قادركەرەم - سلێمانیدا دەچنە سنووری پارێزگای سلێمانی."
بەڕێوەبەری ئاساییشی خورماتوو ڕوونیشی كردەوە: "هیچ فەرمانێكمان پێ نییە رێگرییان لێ بكەین و چەندین جاریش ویستوومانە رێگریان بین، بەڵام لەلایەن ئیدارەی شارۆچكەكەوە ئاگادار كراینەوە كە رێگرییان لێ نەكەین."
هاوكات گوتیشی: "رۆژانە زیاتر لە نیو ملیۆن دۆلار دەگاتە دەست چەكدارانی داعش، چونكە 50 تا 60 تانكەر نەوت دەفرۆشن و هەر تانكەرێكیش بە 10 هەزار دۆلارە، ئەمەیش واتای بەهێزكردنی داعشە لە ڕووی ئەمنی و داراییەوە."
