كۆسرهت رهسوڵ: هاوڕاین لهگهڵ سهرۆكی ههرێم بۆ راپرسی
دەقی روونکردنەوەکەی نووسینگەی راگەیاندنی کۆسرەت رەسوڵ عەلی:
ئەمڕۆ 7/7/2014 چەند دەزگایەكی راگەیاندن لێكدانەوەیەكی شێوێندراوو رەنگە بە مەبەستی سیاسیش بێت، لێدوانێكی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان ئاوەژوو كردووەو شێواندووە و ویستوویانە چاوبەستنێك لەرای گشتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن، كە گوایە كۆسرەت رەسول عەلی لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی نییە، بۆیە پێویستمانزانی ئەم روونكردنەوەیە بخەینە بەر دیدی رای گشتی و خەڵكی كوردستان:
1- ئەو حزبەی كە هەڤاڵ كۆسرەت رەسول جێگری سكرتێری گشتیەكەیەتی، یەكەم حزبی سیاسیە لە كوردستان و بەدرێژایی شۆڕشی رزگاریخوازی گەلەكەی كە دروشمی مافی چارەی خۆنووسینی هەڵگرتووەو بە كردەوەش كاری بۆ كردووە.
2- ئەگەر بە ویژدانەوە خوێنەری كورد بەدوای لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەكاندا بگەڕێت، زیاد لە 15 ساڵە هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی بە راشكاوانە داوای دروستبوونی دەوڵەتی كوردی كردووەو ئێستا خەڵكانێك وەكو موزایەدەیەكی سیاسی بەخۆمانی دەفرۆشنەوە.
3- لە كاتێكدا هەندێك لایەن و كەس دەوڵەتی كوردی بە خەون ناودەبەن، كۆسرەت رەسول عەلی لە هەمان چاوپێكەوتندا دەڵێت "ئەوە ئاواتی هەموو تاكێكی خەڵكی كوردستانەو هەموو شۆڕشەكانیش لەم پێناوەدا هەڵگیرساون.
4- بەڵێ هەڤاڵ كۆسرەت رەسول هەموو لایەنەكانی ناوخۆیی و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی لێكداوەتەوەو كۆمەڵێك فاكتەر بەپێویست دەزانێت بۆ راگەیاندنی ئەو دەوڵەتە سەربەخۆیە كوردییە، بۆیە دەڵێت پێویستە كورد یەك دەنگ و یەك هەڵوێست و یەك بڕیار بێت لەو هەنگاوە چارەنووسسازەدا، وەكو یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش خۆی بە خاوەنی بیری سەربەخۆیی و دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەزانێت و لەو هەنگاوەشدا یەكدەنگ و هاوڕایە لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ راپرسی و بڕیاری بە كۆمەڵی چارەنووسسازی گەلی كوردستان.
5- ئێمە لە لێكدانەوەی چەواشەكارانەی هەندێك لە میدیاكان بۆ وتەكانی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول تێدەگەین و بە بەرپرسیان دەزانین و مەرام و نیەتی سیاسییانەش لەبەرچاو دەگرین، كە بۆ ئەو مەبەستە لە ئارادان.
كۆسرەت رەسول عەلی چۆن لەمێژووی پڕ سەروەری خۆیدا پێشمەرگەیەكی گیانفیدای رێگای رزگاری كوردستان بووە، لەم هەنگاوەشدا هەمان ئەو پێشمەرگەیەیەو قوربانی زیاتری بۆ دەدات.
رووداو
