شاندی هەرێم لە واشنتن: ڕەوشەکە دەخوازێت خۆمان بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس ئامادە بکەین

 شاندی هەرێم لە واشنتن: ڕەوشەکە دەخوازێت خۆمان بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووس ئامادە بکەین
لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا، شاندی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ڕەوشەکە وا دەخوازێت، كوردستان بەردەوام دەبێت لە پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و خۆ ئامادەكردن بۆ بڕیاردان لە مافی چارەنووسی خۆی. (جۆن کیری)-یش شاندی هەرێمی كوردستانی دڵنیا كردەوە كە ئەمەریكا ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر، پشتگیریی تەواوی هەرێمی كوردستان و عێراق بكات.

دوێنێ چوارشەممە، شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم(د. فوئاد حوسێن) و بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەت(فەلاح مستەفا) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا(جۆن كێری)-دا كۆ بوونەوە.

لە سەرەتادا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا نیشان دا و سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ ئەو پێشوازییە گەرمەی كە هەفتەی رابردوو لە هەولێر لێیان كرا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كورتەباسێكی دەربارەی ئاكامی سەردانەكەی بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد و تیشكی خستە سەر دواپێشهاتەكانی عێراق و جەختی كردەوە كە پێویستە هەموو لایەنەكان بەشدار بن بۆ بەرەوپێشبردن و بنیاتنانەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و داوكار بوو كە گشت لایەك لە ڕێی پەرلەمانەوە بتوانن كە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لە عێراق پێك بهێنن بۆ ئەوەی لەم قۆناخە مەترسیدارە دەربازی ببێت و رووبەرووی تیرۆریستان ببنەوە تا ئاساییش و ئارامی بگەڕێنرێتەوە عێراق.

(جۆن كێری) بە شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند كە ئیدارەی ئەمەریكا ئاگاداری مێژووی خەباتی میللەتی كوردە و لە خواست و ئارەزووەكانیان تێدەگەین، هاوكات رۆڵی كورد بە گرینگ وەسف كرد كە تا ئێستا بەشێكن لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش بە تایبەت.

لە بەرامبەردا (دكتۆر فوئاد حوسێن) سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەموریكای كرد بۆ ئەو پێشوزاییە گەرمەی كە لێیانی كردووە و خۆشحاڵیی خۆی دەربری كە دوای سەردانەكەیان بۆ هەولێر دووبارە ئەم دەرفەتەی بۆ رەخساندوونەتەوە.

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم بە چڕی باسی لە دواگۆڕانكارییەكانی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق كرد و بە وەزیری دەرەوەی راگەیاند، ئەو گۆڕانكاریانەی كە دوای 9/6/2014 دروست بوو واقیعێكی تازەی هێنایە پێشەوە و پێویستە بە سیاسەت و تێڕوانینێكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكەدا بكرێت. هاوکات پێی راگەیاند كە، رەوشەكە دەخوازێت هەرێمی كوردستان بە دوو ئاراستەدا بڕوات، یەكەمیان: "كورد بەردەوام بێت لە گێڕانی رۆڵی سەرەكی بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە بەغدا و چارەسەركردنی كێشە و ئالۆزییەكان.

دووەم: كوردستان بەردەوام بێت لە پاراستنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و هەروەها بەرەوپێشبردنی بوارەكانی ئابووری و ئاساییش و بنیاتنانی دامەزراوەیی و خۆ ئامادەكردن بۆ مافی چارەی خۆنوسین."

هەر لەو دیدارەدا بیرورا ئاڵوگۆڕ كرا و باس لە سەرخستنی پرۆسەی سیاسیی بەغدا كرا و هەروەها خۆئامادەكردن بۆ یەكلاكردنەوەی ئاڵۆزییەكان لە بەغدا و دیاریكردنی پۆستە سەرۆكایەتییەكان خرایە بەر باس.

سەبارەت بە جموجۆڵی تیرۆریستان و فراوانكردنی ئەو ناوچانانەی دەستیان بەسەردا گرتوون، شاندی هەرێمی كوردستان جەختیان كردەوە كە دژی تیرۆر دەوەستن بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان.

وەزیری دەرەوە، شاندی هەرێمی كوردستانی دڵنیا كردەوە كە ئەمەریكا ئامادەیە پشتگیریی تەواوی هەرێمی كوردستان و عێراق بكات بۆ رووبەرووبونەوەی تیرۆر و نەهێشتنیان لە ناوچەكەدا.
Top