بە شیعە، ئێزدی و مەسیحییەکانی نەداوە.. داعش مووچەی مانگی شەشی دابەش کرد

 بە شیعە، ئێزدی و مەسیحییەکانی نەداوە.. داعش مووچەی مانگی شەشی دابەش کرد
رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام ناسراو بە داعش، دوێنێ چوارشەممە، مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی مووسڵی دابەش کرد و سەرەتایش لە شارەوانییەکانەوە دەستی پێ کرد. بەڵام مووچەی نەداوە بە شیعە، ئێزدی و مەسیحییەکان.

بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ(سەعید مەموزینی) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئەمڕۆ(چوارشەممە) داعش دەستی بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران کرد لە مووسڵ و سەرەتایش لە مووچە فەرمانبەرانی شارەوانییەکانەوە دەستی پێ کرد، کە ھەشت شارەوانی سەرەکی لە مووسڵ ھەن."

(سەعید مەموزینی) گوتیشی: "بەڵام مووچەی نەداوە بە ئەو فەرمانبەرانەی کە شیعە، ئێزیدی و مەسیحین."

ئەوەشی خستەڕوو، "داعش بانکی مووسڵی لەژێر دەستدایە کە 22ملیار دۆلاری تێدایە و لەو پارەیە، مووچەی فەرمانبەرانی داوە و بڕیارە لە رۆژانی داھاتوویشدا مووچەی فەرمانبەرانی کەرتەکانی دیکەیش بدات."
Top